رووداو - هەولێر
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بازاڕی رێکلام و فرۆشتنی دەرمانی چارەسەری کۆرۆناش گەرم بووە، بەجۆرێک کە ئێستا رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبووان لە بەرزبوونەوەدایە و کەسانێک هەوڵی هاوردەکردنی دەرمانی قاچاخ دەدەن و بە تێکەڵکردنی چەند ئەنتیبایۆتیکێک وەکو دەرمانی چارەسەری کۆرۆنا بە خەڵکی دەفرۆشنەوە.
لە دوایین هەوڵی هاوردەکردنی دەرمانی قاچاخ لەلایەن یاریدەدەرێکی پزیشک لە شاری هەولێر، هۆبەی بازگەکانی ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەر 73 جۆری دەرماندا گرت کە 50 جۆریان قەدەخەن و رێگەپێدراو نین.
ملازمی دووەم هاوکار تاهیر، ئەفسەری هۆبەی بازگەکانی ئاسایشی هەولێر دەڵێت "لەکاتی ئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خواستی هاونیشتیمانیان لەسەر دەرمان زیادیکردووە، هەوڵدراوە لە هەموو بازگەکان بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەت بازگەی دێگەڵە و شێراوە کە پارێزگای کەرکووک و هەولێر بەیەک دەبەستێتەوە و هەروەها لە بازگەی هیران داخڵی شاری هەولێری بکەن. بۆ نموونە ئێمە دوێنێ دەستمان بەسەر هەندێک دەرماندا گرتووە کە ئیلتیهابات و ئەنتیبایۆتیکە و دەتوانرێت لەلایەن یاریدەدەری پزیشکەوە بۆ چارەسەری کۆرۆنا بەکاربهێندرێت".
دەرمانەکان لە ئێران و لوبنانەوە هێنراون و ویستوویانە بە بازگەکاندا هاوردەی هەولێری بکەن، هاوردەکردنی دەرمان دەبێت لە رێگەی کۆمپانیاکانی دەرمان و بە نووسراوی فەرمی لە کوالێتیی کۆنترۆڵەوە پەسندبکرێت، جگە لەوەش بە قاچاخ هەژمار دەکرێن.
گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی بەشی چاودێریی بازاڕ و بازگەکان لە کوالێتیی کۆنترۆڵ و دەرمان دەڵێت "ئەو دەرمانانەی کە بە قاچاخ دەگیرێن، چ لەلایەن ئێمە و چ لەلایەن ئاسایشەوە، بە ئۆتۆمبێلی باهەڵگر و بە چادر دێن و لە تەنیشت دەرگاکانن، کە ئەمە خۆی پرسیار دروستدەکات، گەر کەسێک بیەوێت دەرمان داخڵدەکات بەشێوەی یاسایی و لە رێگەی کۆمپانیاوە دەیکات".
لە سەرەتای کەرەنتینەوە تاوەکو ئێستا لەلایەن هۆبەی بازگەکانی ئاسایشی هەولێر دەست بەسەر پێنج تۆن دەرماندا گیراوە و رادەستی لیژنەی کوالێتیی کۆنترۆڵ و جۆریی دەرمان کراوە، زۆربەی دەرمانەکان دژە هەوکردنن و تەنیا بۆ کەمکردنەوەیەکی کاتیی ئازار بەکاردەهێنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ