رووداو دیجیتاڵ
شێخ عەلی ئیلیاس، بابە شێخی ئێزدییەکان، پیرۆزبایی لە ئێزدییەکانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات بەبۆنەی جەژنی ئێزی و هیوای خواست ئەو جەژنە ببێتە مایەی خێر و ئاشتی بۆ هەموو لایەک. داواشی کرد مافی قوربانیان و رزگاربووانی ئێزدی دەستەبەر بکرێت کە لە ساڵی 2014 رووبەڕووی بوونەتەوە.
پێنجشەممە 18ی کانوونی یەکەمی 2025، شێخ عەلی ئیلیاس لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو جەژنە دەبێتە بۆنەیەک بۆ خەڵوەتی رووحی و نوێکردنەوەی پابەندبوون بە بەها و بنەما رەسەنەکانی ئایینی ئێزدی.
بابە شێخی ئێزدییەکان ئاماژەی بە پابەندیی ئێزدییەکان کرد بە ئاشتی و لێبووردەیی و پەرۆشیی بەردەوامییان بۆ بەهێزکردنی پردی خۆشەویستی و پێكەوەژیان لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکان.
رۆژی هەینی 19ی کانوونی یەکەم، بۆ ئێزدییەکان جەژنی ئێزییە کە لەدوای سێ رۆژ رۆژووگرتن دەبێت.
شێخ عەلی ئیلیاس داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەوڵەکان چڕ بکەنەوە بۆ زانینی چارەنووسی رفێنراوانی ئێزدی، کە تاوەکو ئێستا لەدەستی رێکخراوی داعشن. هەروەها داواشی کرد کە مافی قوربانیان و رزگاربووانی ئێزدی دەستەبەر بکرێت کە 3ی ئابی 2014 لە شنگال رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە.
شێخ عەلی ئیلیاس هیوای خواست کە بە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێزدییە ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ