رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەستەرێکی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە هاووڵاتییانی عێراق لە دەرەوە دەکاتەوە، بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەیانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان ئەگەر رووبەڕوویان ببێتەوە.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بەستەرە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی عێراقە کە خاوەنی رەگەزنامە و پاسپۆرتی ئەو وڵاتانەن کە لێی دەژین، لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەی پەنابەرن لە وڵاتان.
ئەو بەستەرە ئەلیکترۆنییە لە ماڵپەڕی فەرمیی عێراقە بە ناوی 'ئوور'، کە مامەڵە ئەلیکترۆنییەکانی لێوە ئەنجام دەدرێت.
عەلی جەهانگیر رایگەیاند، لە رێگەی ئەو بەستەرەوە دەیانەوێت زانیاری لەبارەی ژمارەی هاووڵاتییانی عێراق لە دەرەوە کۆبکەنەوە کە ژمارەیان چەندە و تاوەکو ئێستا نەزانراوە، ئەوە جگە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە.
لە بەستەرەکەدا چەند زانیارییەک تۆمار دەکرێت، لەوانە: ناو، تەمەن، ژمارەی پاسپۆرت و دۆخى یاسایی مانەوەی لەو وڵاتەی تێیدا دەژی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ