پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی : لاهوور گوتی دانپێدانانەکانی بینیوە و بەو شێوەیە نییە کە بڵاوکراوەتەوە

02-09-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزەرێکی لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، لەگەڵ سێ پارێزەری دیکەی دۆسیەکە سەردانی لاهوور شێخ جەنگیان کردووە لە زیندان و  پێیڕاگەیاندووە کە دانپێدانانی کەسە دەستگیرکراوەکانی بینیوە کە گوتوویان بە فەرمانی ئەو ئامادەکارییان کردووە بۆ کوشتنی بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ گوتوویەتی "بەو شێوەیە نییە کە بڵاوکراوەتەوە".
 
بورهان رەشید گوڵە، کە یەکێکە لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی ئەمڕۆ سێشەممە، 02-09-2025 بە (رووداو)ی گوت، دوێنێ لەگەڵ سێ پارێزەری دیکەی دۆسیەکە، لاهوور شێخ جەنگییان لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی بینیوە. 
 
ئەو پارێزەرە گوتی، هیچ ئاسەوارێکی لێدانی پێوە دیارنەبوو، بەڵام کەسێک بەو هەموو هێزەوە بچنە سەر ماڵەکەی دەبێت دۆخی دەروونی چۆن بێت؟ هەروەها گوتی "کاک لاهوور بۆچوونی وایە دەستی دەرەکی لەم بابەتەدا هەیە." 
 
وەک بورهان رەشید گوڵە دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی باسی شەڕەکەی لالەزاری کردووە و دەڵێت: "لێمپرسی کێ دەستپێشخەربوو؟ گوتی، ئێمە لە ماڵی خۆمان دانیشتبووین، ئەوان هاتوونەتە سەرمان ."
 
شەوی 22ی ئاب، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازینەبوو خۆی رادەست بکات، ئەو هێزە هێرشیکردە سەر هوتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆلادی برای و ئەندامانی هێزی چەکداری لاهوور شێخ جەنگی کە بەناوی هێزی دووپشک بوو دەستگیرکران.
 
دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوەو گوتیان بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان هەبووەو کاریان لەسەر کردووە.
 
سەبارەت دانپێدانانی ئەو کەسانە، بورهان رەشید گوڵە گوتی: "کاک لاهور هەمووی بینیوە و دوێنێ بە ئێمەشی گوت بەوشێوەیە نییە کە بڵاوکراوەتەوە". گوتیشی: "هێشتا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی تەواو نەبووە."
 
دوێنێ وا بڵاوکرایەوە، کە هاوژین و کەسوکاری لاهوور شێخ جەنگی دوێنێ بینیویانە، بورهان رەشید گوڵە گوتی: "ئێمە 40 خولەک لەلای بووین، تاوەکو ئێمە لەوێبووین، کەسوکاری نەیانبینیبوو، بەڵام ئەگەر دوای ئێمە سەردانیان کردبێت، ئێمە نایزانین."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.