کوردستان
وێنەی بەشێک لەو گەنجانەی لەسەر رووداوەکەی هوانە لە سلێمانی دەستگیرکراون. وێنە؛ پێشەوا بەختیار - رووداو
رووداو - رادیۆ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر رووداوەکەی گەڕەکی هوانە کە تێیدا ژمارەیەک گەنج هێرشیان کردە سەر کچێک و کاردانەوەی لێکەوتەوە، تاوەکو ئێستا 19 کەس دەستگیرکراون و بە بڕیاری دادوەر راگیراون، دەشڵێت، رۆژی رابردوو کچەکە لەبەردەم دادوەر گوتەی لێوەرگیراوە و سکاڵای تۆمارکردووە.
رۆژی هەینی 30-12-2022، لەکاتی نمایشی ماتۆڕسکیل لە گەڕەکی هوانە لە سلێمانی، گرژی دروستبوو، ڤیدیۆی هێرشی ژمارەیەک گەنج بۆسەر کچێک کاردانەوەی لێکەوتەوە و بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەکاتی سلێمانی رایگەیاند، "راستەوخۆ دوای رووداوەکە لەسەر راسپاردەی بافڵ تاڵەبانی و بە بڕیاری دادوەر، 16 کەس دەستگیر کران و دواتر سێ کەسی دیکە وەکو تۆمەتبار فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچوو، بەوەش تاوەکو ئێستا لەسەر رووداوەکە، 19 کەس دەستگیر کراون و بەبڕیاری دادوەر ئەو کەسانە راگیراون."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتیشی، چوار کەس لە 19 کەسەکە تەمەنیان لەخوار 18 ساڵە و ئەو چوار نەوجەوانە رادەستی پۆلیسی نەوجەوانان کراون و ئەوان بردوویانن بۆ بەردەم دادوەر."
لەبارەی سکاڵاکانەوە، سەرکەوت ئەحمەد، ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای رووداوەکە داواکاری گشتیی سلێمانی پەیوەندییان پێوە کردووین و گوتوویانە ئەگەر کچەکەش سکاڵا نەکات ئێمە سکاڵای خۆمان تۆمار دەکەین لەسەر ئەو رووداوە.
لەبارەی ئەو کچەی کە لە رووداوەکەدا هێرشی دەکرێتە سەر، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتیشی، پێرێ کچەکە هاتووەتە بنکەی پۆلیسی رزگاری و دوێنێ چووەتە بەردەم دادوەر و راپۆرتی پزیشیکی لەسەر دۆخی تەندروستی ئامادەکراوە و گوتەی لێوەرگیراوە، کچەکە سکاڵای خۆی تۆمارکردووە لەسەر ئەو هێرشانەی کراونەتە سەری.
بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، "کچەکە تەمەنی لە خوار 17 ساڵە و خەڵکی سلێمانییە و لەگەڵ باپیری ژیاوە، بەگوتەی کچەکە، هاوڕێکانی تووشی ئەو کارەیان کردووە و بەڵێنیداوە کە دوور بکەوێتەوە لەو کارانە و گەڕاوەتەوە لای باوکی، بە بڕیاری دادوەر کچەکە رادەستی باوکی کراوەتەوە وەکو وەلی ئەمری".
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، "رووداوەکە بەهۆی ئەوە نەبووە کە کچەکە جلوبەرگی یان چوونی بووبێت بۆ ئەو مەیدانە، بەڵکو بەهۆی کێشەی نێوان دوو کەسەوە بووە، کچەکە پێشتریش چووەتە مەیدانەکە و تێکەڵاوی لەگەڵ دوو کچی دیکە هەبووە کە یەکێکیان هاووڵاتیی ئێرانی بووە."
لەبارەی ئاگاداری ئەوان وەکو پۆلیسی سلێمانی لەو جۆرە پێشبڕکێیە، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەکو پۆلیسی سلێمانی ئاگاداری ئەو گردبوونەوەیە نەبووین و پۆلیسی هاتووچۆش گوتیانە کە ئاگاداری نین. بۆ لەمەودوا لە هەر شوێنێک 5 ماتۆڕسکیل پێکەوە کۆببنەوە دەستگیریان دەکەن، هەر ماتۆڕسوارێکیش پێشبڕکێ بکات و هاونیشتمانیان و شۆفێران بێزار بکات راستەوخۆ دەستگیری دەکەن.
لەو 19 کەسەی دەستگیرکراون، دانیشتووی شار و شارۆچکەکانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و شارەزوورن، سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت،" ئەو گەنجانەی دەستگیرکراون دانیشتووی شار و شارۆچکەکانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و شارەزوور و چەمچەماڵیان تێدایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ