رووداو دیجیتاڵ
پشووی سەری ساڵ تەواو دەبێت و دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێنەوە. قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، نزیکەی 900 قوتابی بەهۆی تەواونەبوونی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانیان، ناتوانن دەست بە دەوام بکەنەوە. هەروەها لە قەزای ئامێدی، ئیدارەی سۆران و پێنجوێنیش پشووە.
بەپێی ساڵنامەی خوێندنی 2025-2026، سبەی پشووی سەری ساڵ لە هەموو هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت، دەوام لە تەواوی قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان دەستپێدەکاتەوە.
رۆژی شەممە، 03ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای نزیکەی مانگێک وەستانی پڕۆسەی خوێندن لە چەمچەماڵ، سبەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە؛ هیچ رێگرییەک نەماوە و دەوام ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی بەر قوتابخانەکان کەوتووە، هێشتا دوو قوتابخانە نۆژەنکردنەوەیان تەواو نەبووە و هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی دیکەیان پێویستە."
دوای ئەوەی لافاوەکەی رۆژی 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، زیانێکی زۆری بە قوتابخانە، ماڵ و دووکانی سنووری چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری گەیاند، پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچانە راگیرا.
لەبارەی ئەو قوتابخانانەی هێشتا ئامادە نین بۆ پێشوازیکردن لە قوتابیان، قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "ئەو دوو قوتابخانەیە یەکیان قوتابخانەی 'لاوان'ـە کە 350 قوتابی هەیە، ئەوەی دیکەیشیان قوتابخانەی 'گەشبین'ـە کە نزیکەی 500 قوتابی لەخۆدەگرێت. ئەم دوو ناوەندە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و هێشتا کاتیان دەوێت تاوەکو بۆ دەوامکردن ئامادە دەبنەوە."
ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان، ملیۆنێک و 965 هەزار قوتابی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان دەخوێنن. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ رووداو، ملیۆنێک و 248 هەزار و 216 قوتابی لە پۆلی 4ـی بنەڕەتییەوە تاوەکو 12ـی ئامادەیی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمیان ئەنجامدا، بەڵام زیاتر لە 54 هەزار قوتابی لە سنووری چەمچەماڵ بەهۆی لافاوەکەوە نەیانتوانی بەشداریی تاقیکردنەوەکان بکەن.
وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەواوە هەندێک شوێن تاوەکو ئێستا بەستوویەتی، بۆیە سبەی لە قەزای ئامێدی پشووی فەرمییە؛ هەم لە ناوەندەکانی خوێندن و لە دامودەزگا حکومییەکان."
سەبارەت بە شێوازی دەوامی سبەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "سبەی و رۆژانی دواتر، دەسەڵاتمان داوە بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بەپێی بارودۆخی کەشوهەوا و بەستنی رێگەوبانەکان بڕیار بدەن؛ ئایا دەوام بکرێتە پشوو یان کاژێرێک درەنگتر دەستپێبکات."
لوقمان سهعدی، بهڕێوهبهری گشتیی پهروهردهی ههولێر بە رووداوی راگەیاند: "سبەی دەوامی فەرمی لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێدەکاتەوە؛ رێگەکان سەلامەتن و هیچ هۆکارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی پشوو."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دوای وەرگرتنی دوایین راپۆرتی کەشناسی و ناسەقامگیریی کەشوهەوا، بەتایبەتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دابەزینی پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە بۆ 15 پلە لەژێر سفرەوە، بۆ سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و قوتابیان، بڕیاریان دا رۆژی یەکشەممە لە سەرجەم قوتابخانە و پەیمانگە حکومی و ناحکومییەکانی سنوورەکە بکرێتە پشوو.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەڕین بڵاویکردەوە، "لەپێناو سەلامەتیی گیانی مامۆستایان، قوتابییان و خوێندکاران و بە راوێژ لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هەردوو پەروەردەی رانیە و پشدەریان ئاگادار کردووەتەوە سبەی لە هەر ناوەند و شوێنێک گرفتی شەختە و بەستەڵەک و ئاستەنگیی هاتووچۆ هەبوو، دەتوانن دوای راوێژکردن لەگەڵ قایمقام و یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکەی خۆیان پشوو رابگەیێنن".
لە پێنجوێنیش پشووی فەرمییە. بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن گوتی: "بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، دوای راوێژ لەگەڵ قائیمقامی قەزای پێنجوێن و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بڕیارمان دا کە رۆژی یەکشەممە پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان."
بەپێی ساڵنامەی خوێندن، تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم لە 15-12-2025 دەستیپێکرد و لە 24ـی هەمان مانگ کۆتایی هات، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە چەمچەماڵ هاتە ئاراوە، تاقیکردنەوەکان بۆ قوتابیانی ئەو سنوورە دواخرا و بڕیارە لە 11ـی ئەم مانگەدا (کانوونی دووەم) دەستپێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ