کوردستان
ئۆتۆمبێلێکی بەرگریی شارستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو رێگانەی بەهۆی بەفرەوە داخراون پاکیان دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرما لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بووەتە هۆی داخرانی قوتابخانەکان، ئاستەنگی هاتووچۆ و هەروەها تائێستا رێگەی دەیان گوندیش داخراون.
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، قوتابخانە سەرەتاییەکانی 11 شاری ئەو پارێزگایە رۆژی شەممە بەهۆی بەفر و سەرما داخراون و خوێندن پرۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین بەردەوامە.
بەفربارین لە پارێزگای کرماشان لە دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەوە دەستیپێکرد و بەپێی پێشبینی کەشناسیی تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
لە پارێزگای سنەش، سەرجەم قوتابخانەکانی شارەکانی دێولان، دیواندەرە، بیجاڕ، سنە، سەقز و کامێران لەبەر بارینی بەفر، سەرما، سەهۆڵبەندان و کێشە لە هاتووچۆ داخراون.
کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستانیش رایگەیاندووە، دەوامی بەیانیی قوتابخانەکانی شارەکانی ئەلیگودەرز، سلسلە، ئەزنا و دولفان دادەخرێن.
ئەسغەر قارەمانی، قایمقامی دولفان، دەڵێت، بەفر رێگای هاتووچۆی 200 گوندی ئەم پارێزگایەی داخستووە، کە رۆژی هەینی رێگای 130 گوندیان کراونەتەوە، بەڵام رێگای 70 گوند هێشتا نەکراونەتەوە.
پۆلیسی رێگای پارێزگای لوڕستان رایگەیاندووە، رێگای سەرەکی شاری خوڕماوە، ناوەندی پارێزگای لوڕستان، بۆ ئەراک لە کاژێر 9ـی شەوی دوێنێ شەوەوە داخراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام رایگەیاندووە، قوتابخانە و فەرمانگەکانی ئەم پارێزگایەش لەبەر سەرما و بارینی بەفر درەنگتر لە کاتی ئاسایی، واتە کاژێر 9 دەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ