ئەحمەد شەرع: گفتوگۆکانمان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامن و ناکۆکی لەسەر هەندێک وردەکارییە

03-02-2025
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەحمەد شەرع لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە بەردەوامن، بەڵام ناکۆکییان لەسەر هەندێ وردەکاری هەیە.
 
رۆژی دووشەممە، 3-2-2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سووریا تیڤی، باسی ئامانجی گفتۆگاکانیان لەگەڵ هەسەدە و چەند پرسێکی تایبەت بە وڵاتەکە کرد.
 
گفتوگۆکانمان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامن
 
شەرع گوتی، "ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکانمان لەگەڵ هەسەدە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و کۆنترۆڵکردنی چەکە لەلایەن دەوڵەت، هەسەدە ئەوەی بەلاوە پەسندە، بەڵام ناکۆکی لەسەر هەندێ وردەکاری هەن".
 
شەرع گوتیشی: "هەموو لایەنەکان چ هەرێمی بن یان نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەن و دژی هەر هەوڵێکن بۆ دابەشبوون یان جیابوونەوە. تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری بەشێک لە گرووپەکانی ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەن هاوڕان لەگەڵ بیرۆکەی دەوڵەتی سووریا کە دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت."
 
سەبارەت بە ناکۆکییەکان لەگەڵ هەسەدە، شەرع گوتی: "پێموایە هێشتنەوەی گفتوگۆکان بە نهێنی گرنگە تاوەکو بە ئەنجام دەگەن". چونکە بە گوتەی شەرع "لایەنی زۆر هەن لە بەرژەوەندییان نییە گفتوگۆکان سەرکەون و بە دۆخێكی دروست بگەین".
 
دەوڵەت گەرەنتیی هەموو پێکهاتەکانە
 
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. رۆژی 29-01-2025 شەرع بە سەرۆکی کاتیی سووریا دەستنیشانکرا.
 
ئەحمەد شەرع، بە سەرۆکی کۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر دەستنیشان کراوە، تاوەکو ئەو کاتەی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا دادەنرێت، چونکە دەستوور و پەرلەمانی سەردەمی ئەسەد هەڵوەشاوەتەوە.
 
سەبارت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، شەرع دەڵێت: "پێکهێنانی حکومەتێك کە تێیدا هەمووان بەشدار بن هەنگاوی سەرەکی دەبێت بۆ بنیاتنانی دامەزراوەکان و بەهێزکردنی پرەنسیپی هاووڵاتیبوون."
 
شەرع دژی بیرۆکەی پشکپشکێنەیە لە دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەت و دەڵێت، "کارامەیی پێوەری سەرەکییە و نابێتە هەڕەشە لە سەقامگیری دامەزراوەکانی حکومەت".
 
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بە قۆناخی گواستنەوەی دەسەڵات کرد و گوتی: "بۆ ئەوەی لە قۆناخی گواستنەوەوە بە ئاشتی و ئاسایش و ئاشتەوایی سووریا بگەین، پێویستە هاوسەنگی بپارێزین لە نێوان ئاسایشی خەڵک و دانەوەی مافی قوربانیانی دەسەڵاتی ئەسەد." گوتیشی: "پێویستە بە دواداچوون بۆ تاوانی کوشتن، ئەشکەنجەدان و بێ سەروشوێنکردنی خەڵک بکرێت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر سەقامگیری وڵات بکات".
 
ئەحمەد شەرع رەتیکردەوە، لێبووردنی گشتی ئەو کەسانە بگرێتەوە، کە تاوانی گەورە و رێکخراویان کردووە.
 
کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانی
 
شەرع دەڵێت، کار دەکرێت بۆ پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکاری کە بەر لە کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانی؛ گفتوگۆی فراوان لەگەڵ پێکهاتە جیاجیاکانی سووریادا دەکات.
 
سەرۆککۆماری سووریا باسی ئامانجی بەستنی کۆنگرەکەی کرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو کۆنگرەیەدا راگەیێندراوی کۆتایی رادەگەیێندرێت کە رێگە بۆ راگەیاندنی دەستوور خۆش دەکات داهاتووی سووریا دیاری دەکات، داڕشتنی راگەیێندراوی دەستووری بڕیارێكی تاکلایەنانە نابێت، بەڵکو لە ئەنجامی گفتوگۆی فراوان دەبێت کە رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سووریایە."
 
سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی ئەو گفتوگۆیانە، شەرع گوتی: "شێوازی ناسنامەی سووریا، چۆنیەتی داهاتووی سووریا و چەندین بابەتی دیکەی چارەنووسساز دەبن و نابێت بە هیچ شێوەیەک بڕیاری تاکلایەنانەیان لەسەر بدرێت، بەڵکو دەبێت لە رێگەی گفتوگۆی فراوانی خەڵکی سووریاوە بێت".
 
بنیاتنانەوەی سوپای نیشتمانی
 
ئەحمەد شەرع هەر لەو هەڤپەیڤینەدا باسی لەوە کرد، هەنگاویان ناوە بەرەو دووبارە بنیاتنانەوەی سوپای نیشتمانی کە هێزە سەربازییە جیاجیاکانی سووریا لە خۆ بگرێت، ئامانج لەو هەنگاوانە بنیاتنانی دامەزراوەیەکی سەربازی پیشەییە دوور لە وەلای کەسی و خێزانی.
 
شەرع گوتی: "سوپای پێشووی سووریا، سوپایەکی سووری نەبوو وەک هەندێ کەس تەماشای دەکات، بەڵکو بە خێزانی ئەسەد یان بە چەند کەسێکی دیاریکراو وابەستە بوو، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە بەرژەوەندی سووریاوە نەبوو." گوتیشی، "سوپای سووریا لەیەکهەڵوەشاوە بوو، لە ژێر کاریگەری گەورەی دەرەوەی سووریا بوو."
 
"ئەگەری هەیە پێنج ساڵی دیکە هەڵبژاردن بکرێت"
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا پێشبینی کرد، ماوەی رێکخستنی هەڵبژاردن چوار بۆ پێنج ساڵ بخایەنێت.
 
ئەحمەد شەرع گوتی. پێویستە ژێرخانی دەنگدان دووبارە دابمەزرێتەوە، ئەمەش کاتی پێویستە. سەرۆکی کاتیی سووریا بەڵێنیشیدا، یاسایەک دادەنێن کە رێگە بە هەموو پارتە سیاسییەکان بدات، گوتیشی: "سووریا دەبێتە کۆمارێک کە پەرلەمانێک و حکومەتێکی جێبەجێکاری هەبێت."
 
ئەرکێکی دیکەی ئەحمەد شەرع دامەزراندنی پەرلەمانێکی کاتییە، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانی سەردەمی ئەسەد، حیزبی بەعسیش کە چەندین دەیە بوو حوکمی سووریای دەکرد، هەڵوەشێنرایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

مەرجی چەک دانان بۆ بەشداریکردنی هەسەدە لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی دانراوە

گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەڵێت، تاوەکو ئەوکاتەی هەسەدە چەکیان هەڵگرتبێت، لە چوارچێوەی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا نابن و ئامانجمان لە بەستنی کۆنگرەکە پاراستنی یەکپارچەیی خاک و گەلی سووریایە.