رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکار و هاوڕێیانی کامەران خەفاف دەکات و بە نموونەی دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری ناوی دەهێنێت.
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا دەڵێت: "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی پێشمەرگە و راگەیاندنکار (کامەران خەفاف)ـم بیست. خوالێخۆشبوو کامەران خەفاف راگەیاندنکارێکی کارامە و نموونەی دڵسۆزی و نیشتیمانپەروەری بوو."
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی ئایاری 2024، بێژەری دێرینی رادیۆیی کامەران خەفاف بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.
شنروێ شەریف، هاوڕێی کامەران خەفاف، هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە و گوتی:" ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رێگەی هەولێر - کۆیە، بە رووداوی هاتووچۆ کۆچی دوایی کردووە."
کامەران خەفاف، ئەندامی هەیئەی گشتیی رێکخستنی پێشمەرگە بووە بە پلەی عەمید. لە نەوەدەکانی سەتەی رابردوو، بێژەرێکی دیاری رادیۆ بووە لە ئێزگەی دەنگی کوردستان.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
پرسەنامەیەک لە سەرۆک بارزانییەوە
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی پێشمەرگە و ڕاگەیاندنکار (کامەران خەفاف)ـم بیست.
خوالێخۆشبوو کامەران خەفاف ڕاگەیاندنکارێکی کارامە و نموونەی دڵسۆزی و نیشتیمانپەروەری بوو.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکار و هەڤاڵ و هاوپیشەکانی دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
خودای گەورە ڕۆحی شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
انا لله و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
3ی ئایاری 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ