رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە هەفتەیەکە لە بەشی زۆری هەرێمی کوردستان خۆڵبارینە. بەشێک لە شارەزایانی کەشوهەوا دەڵێن، خۆڵبارینەکە چەند رۆژێکی دیکە بەردەوام دەبێت؛ ئاماژە بە چەند ناوچەیەکیش دەکەن کە ئەگەری تاوەبارانی بەهارەیان هەیە.
د. لوقمان موفتی، پسپۆڕی کشتوکاڵ و شارەزای کەشوهەوا، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرچاوەی خۆڵبارینی هەرێمی کوردستان بیابانەکانی عێراق و سووریایە. بەگوێرەی پێشبینییەکان، دۆخەکە تاوەکو چوارشەممە بەم شێوەیە دەمێنێتەوە."
لوقمان موفتی دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە چوارشەممەوە خۆڵبارین کەم بێتەوە، بەڵام بە تەواویش کۆتایی نایەت؛ گوتیشی، "پێشبینی دەکرێت لە نێوەڕاستی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین ناوچەکە بگرێتەوە."
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا خۆڵبارین بەردەوام بووە و تۆزێکی زۆر لە زەوی نیشتووە، بە کەمترین خێرایی با ئاسمان خۆڵاوی دەبێت و کەشەکە پاکنابێتەوە.
لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێت
دوێنێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنووری، تاوەبارانی کورت باری.
لوقمان موفتی گوتی، "لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تاوەکو سێشەممە ئەگەری تاوەبارانی ناوبەناو لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، بەڵام بۆ نێو سەنتەری شارەکان ئەگەرەکە لاوازە."
هەر ئەمڕۆ محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین، هەروەها دەوروبەری هەولێر و دەروروبەری کەرکووک ئەگەری تاوەبارانی کورتخایەن و هەورە برووسکە هەیە."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما دوو بۆ چوار پلە نزم دەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 33 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 31 پلەی سیلیزی
دهۆک: 31 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 36 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 32 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 32 پلەی سیلیزی
سۆران: 28 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 16 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 38 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ