رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێیانی دەکات و دەڵێت، " دۆستی دێرینی گەلی کورد و خەباتکارێکی ناسراوی پرۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا."
ئەمڕۆ شەممە، 03-05-2025، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی، کۆچی دوایی کرد.
سری سورەییا ئۆندەر، شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو و رەوانەی نەخۆشخانەی کرا. دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ لە تەمەنی 62 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بۆ کۆچی دوایی سیاسەتڤانی ناسراو و پەرلەمانتاری دیاری دەم پارتی و بريكاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (سری سورەییا ئۆندەر)، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و دۆست و هەڤاڵەکانی دەکەم و هاوخەمیانم.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، سری سورەییا ئۆندەر، دۆستی دێرینی گەلی کورد و خەباتکارێکی ناسراوی پرۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا و ڕۆڵيکی کارا و لەبیرنەکراوی لە بەهێزکردنی برایەتی و تەبایی نێوان هەردوو گەلی کورد و تورک گێڕا. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەموولایەک ببەخشێت."
دەم پارتی دەڵێت، رۆژی یەکشەممە، چواری ئایاری 2025، تەرمی سری سورەییا لە ئیستەنبووڵ لە گۆڕستانی زنجیرلی کویوو، بەخاک دەسپێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ