زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری چەمچەماڵ دابەش دەکرێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش لە پارێزگای سلێمانی دەستیانپێکرد. سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ دەڵێ: "3500 پارچە زەوی ئامادەکراون." سەرۆکی شارەوانیی شۆڕشیش رایگەیاند، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی تەنیا یەک خاڵیشیان هەبێت، زەوی وەردەگرن.
 
ئەندازیار عەلی رەئووف، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ، رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند: "رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیانپێکردووە و ناوی ئەو فەرمانبەرانەش نێردراوە کە مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی دەیانگرێتەوە. شوێنەکانیش دیاریکراون."
 
سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ گوتی: "وەرگرتنی زەوی بە سیستمی خاڵبەندی دەبێت. 3 هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەکراون. دوای تەواوکردنی مامەڵەی تاپۆکان، پارچە زەوییەکان بە تیروپشک دابەش دەکرێن. تیروپشکەکە تەنیا بۆ دیاریکردنی شوێنی زەوییەکان دەبێت."
 
هاوکات هاوکار فازل، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی شۆڕش لە سنووری چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، دابەشکردنی زەوی سنووری ناحیەی شۆڕشیش دەگرێتەوە و گوتی: "هەموو فەرمانبەرانی شارستانی، خانەنشینان، پێشمەرگە سوودمەند دەبن."
 
سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتن، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی شۆڕش گوتی: "تاوەکو ئەم ساتە بڕیارەکە بەو جۆرەیە، هەر کەسێک یەک خاڵی هەبێت یان 50 خاڵ، زەوی وەردەگرێ. بەڵام ئەو کەسەی خاڵی زیاترە، مافی ئەوەی دەبێت لە تیروپشکەکەدا پێش ئەوانی دیکە شوێنی زەوییەکەی دیاری بکات."
 
هاوکار فازل گوتی: "بڕیارە سبەی سێشەممە کۆبوونەوەیەک لەسەر بابەتی دیزاینکردنی زەوییەکان بکرێ‌، زیاتر لە 5 مانگ بوو بەهۆی نەبوونی بودجەوە رووپێوی بۆ زەوییەکان دواخرابوو."
 
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی شۆڕش، لە سنوورەکەی ئەوان 5 هەزار فەرمانبەر ناویان گەڕاوەتەوە و دووپاتی کردەوە کە "زەوییەکان بەشی هەموویان دەکات."
 
هاوکار فازڵ دەشڵێ، بەهۆی زۆریی رووبەری زەوی لە ناحیەی شۆڕش، هەوڵ دراوە ئەو فەرمانبەرانەی دانیشتووی دەرەوەی ناحیەکەن، ناویان بگوازرێتەوە بۆ ناحیەی شۆڕش تاوەکو هەمووان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرهەمی گەنمی جووتیاران. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

حکومەتی عێراق 12 ملیار دینار بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، حکومەتی عێراق بڕی 100 ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی بۆ جووتیاران لە سەرتاسەری عێراق خەرج کرد، کە پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 12 ملیار دینارە.