رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئەوەی لە ئەستۆی ئێمە بێت [بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان] دەیکەین." لەبارەی دەرماڵەی خوێندکارانەوە گوتی: "هیچ کێشەیەک نییە بڵێین دەرماڵە خەرج ناکرێت، بەڵکو لە هەندێ شوێن کێشەی سیویلە و پارەدارکردن هەیە."
رۆژی دووشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2024 هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە هەولێر چەند پرسیارێکی ئاراستەی د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەنێویاندا ئاستی توێژینەوەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بوو، لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەکرد: "توێژینەوەی زانکۆکانمان لە ئاستێکی باشدان بەڵام دەمانەوێت باشتر بکرێن و نێوەڕۆکەکانیان دەوڵەمەند تر بکرێن."
بەشێک لە خوێندکاران چەند دەرماڵەیەکیان وەرنەگرتووە تائێستا د. ئارام محەممەد لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت: "داکۆکی دەکەین لە پێدانی دەرماڵە بە خوێندکاران، هەر شتێکیان بە یاسا پێدرابێت، پێیان دەدرێتەوە و بۆیان دەگێڕدرێتەوە."
رۆژی سێشەممە، 16-04-2024، د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا دەرماڵەی سێ مانگی 2022 و شەش مانگی 2023 لە خوێندنی ساڵی 2022-2023 دابەشنەکراوە، ئەوە جگە لەوەی هیچ دەرماڵەیەکی ساڵی نوێش خەرجنەکراوە."
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، هەموو دەرماڵەکان کراونەتە چەک، لە وەزارەتی خوێندنی باڵاش بڕیاری خەرجکردنی دراوە، ئەوەی ماوەتەوە پێویستە لەسەر ئاستی حکومەت، وەزارەتی دارایی و بانک هەوڵ بدرێت بۆ خەرجکردنی دەرماڵە.
بڕی پاڵپشتییە داراییەكەی حکومەت بۆ 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نێو شار، 60 هەزار دینارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ