فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبارەی مووچە لەگەڵ سوودانی کۆدەبێتەوە

03-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و نامەیەکی ئەمینداری حیزبەکە رادەستی سوودانی دەکەن. 
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەر چوار ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە.
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا نامەیەکی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە دەدەنە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
لەبارەی نێوەڕۆکی نامەکە، داراسێکانیانی گوتی، لە پەیامەیەکدا ئەمینداری گشتی یەکگرتوو داوادەکات مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بە کێشە و گرفتی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکرێت و فەرمانبەران نەبنە قوربانی ململانێکان و مووچە قوتی خەڵکە نابێت دەستی بۆببرێت. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بڕیارێک لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە بدرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 28-05-2025، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە".
 
ئەو وەزارەتە لە نووسراوێکدا کە ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، دەڵێت: "داهاتى نەوتى و نانەوتى لە 2023 تاوەکو نیسانی ئەم ساڵى هەرێمى کورستان گەیشتووەتە 19.9 تریلیۆن دینار، بەڵام 598.5 ملیار دینارى رادەست کراوه."
 
لە وەڵامدا، وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ئەو رێکارەی وەزارەتی دارایی عێراق گرتوویەتییە بەر لەبارەی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە خەرجیی کردەیی، پێچەوانەی بڕگەی سێیەمی مادەی 121ـی دەستووری عێراقە. لە دەقی ئەم مادەیەدا دەڵێت: "لە داهاتە فیدراڵییەکاندا داهاتی دادپەروەرانە بۆ هەرێمەکان و پارێزگاکان تەرخان دەکرێت بەشی پێداویستی و بەرپرسیارێتییەکانی بکات."
 
رۆژی یەکشەممە، یەکی حوزەیرانی 2025، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دادگەکە سکاڵایان تۆمارکرد. داوای بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکەن.
 
فەرمانبەران بۆ ئەو داوایەیان پشتیان بەستووە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە ژمارە 224 و یەکخراو بە ژمارە 269ـی فیدراڵی 2023 لە 21-2-2024. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە سکاڵاکەیاندا، داوا دەکەن دادگە فەرمان سالارییەک دەربکات و وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بکات بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی کە تێیدا هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان پابەند دەکات مووچەی سەرجەم کارمەندان بەجێ (تەوتین) بکەن. 
 
سکاڵاکە لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بە ژمارە (104/ فیدراڵی/2025) تۆمارکراوە و دادگەی باڵای فیدراڵی دەڵێت، "لە نزیکترین کات بڕیار لەبارەی داواکارییەکە دەدات بۆ دەرکردنی فەرمان سالارییەکە." 
 
ئەگەر دادگە بڕیاری سالاریی بدات، ئەوا، نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کاریان پێناکرێت و دەبێت راستەوخۆ دەست بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.