رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کەرکووک، چارەنووسی جووتیارێکی کورد نادیارە. ئاری رەمەزان، شەوی رابردوو لەلایەن چەکداری نەناسراوەوە لە گوندی گەڵۆزی سەر بە ناحیەی پردێ رفێندرا. ئەمڕۆ، کەسوکار و هاوڕێکانی لە شوێنی دیارنەمانی کۆبوونەوە و چاوەڕوانی هەواڵێکن؛ لە ناوچەیەکدا کە دەکەوێتە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە.
ئاری رەمەزان تەمەنی 40 ساڵە، خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە. بە گوتەی کەسوکارەکەی، دوای گەڕانەوەی لە باخەکەی بێسەروشوێن بووە و گومانی سەرەکییان لە چەکدارانی داعشە کە بە مەبەستی وەرگرتنی سەرانە رفاندبێتیان.
شوان باقر، کەسوکاری ئاری دەڵێت، "ئەو جووتیارە و هەموو جووتیارەکان ئەم ساڵ دۆخیان باش نییە و بەرووبوومەکەیان پارەی نەکردووە. ئەو لە باخەکەی خۆی بووە و لە کاتی دەرچووندا رفاندوویانە. خێزاندارە و چوار منداڵی هەیە. ئەمە رێگای هاتوچۆی رۆژانەی بووە".
دوای نزیکەی 12 کاژێر لە دیارنەمانی، ئۆتۆمبێلەکەی ئاری لە دووریی 20 کیلۆمەتر لە شوێنی رفاندنەکەی، لە نزیک گوندی کەڵوڕ دۆزرایەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، بڕی شەش ملیۆن دینار و چەند مۆبایلێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا دەستکاری نەکرابوون و نەبرابوون، ئەمەش پرسیاری زیاتر لەسەر ئامانجی رفاندنەکە دروست دەکات.
دانیشتووانی ناوچەکە، بۆشایی ئەمنی بە هۆکاری سەرەکیی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە دەزانن.
ئەحمەد یاسین، کەسوکارێکی دیکەی ئاری ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمە جاری یەکەم نییە، ماوەیەک لەمەوپێش پیاوێکی دیکە لێرە رفێندرا و یەکێکی دیکەش کوژرا. چونکە لە ناوچەکە سەنگەرێکی تۆکمە و باش نییە رێگری لەم کارانە بکات. ناوچەکەش کەوتووەتە بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپا، هەردوولا ئیهمالیان کردووە و خەڵکەکە لێرە زەرەرمەند بووە".
هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی ناوچەکە کردووە. گومانی سەرەکی هێشتا لەسەر چەکدارانی داعشە، ئەو هێزەی کە شانبەشانی کردەوە چەکدارییەکانی، رفاندنی هاووڵاتییانی سیڤیل بۆ وەرگرتنی سەرانە وەک یەکێک لە تاکتیکەکانی بەکاردەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ