رووداو دیجیتاڵ
پزیشکێکی پسپۆڕی دەروونی دەڵێت، لەکاتی جەنگ و تەنگژەکاندا مێشکی مرۆڤ لە دۆخی ئاسایی خۆی دەردەچێت و هۆرمۆنی سترێس زیاد دەکات، بۆیە گرنگە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بکرێن و کاتی وەرگرتنی هەواڵەکان سنووردار بکرێن.
دکتۆر پگا سەیدی، دەروونناس و چارەسەرکاری دەروونی، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند، دروستبوونی شەڕ یان هەڕەشەی شەڕ، کارکردنی مێشک دەگۆڕێت و هەموو جەستە ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی؛ بەڵام بۆ ئەو کەسانەی دوورن لە بەرەکانی شەڕەوە، ئەم دۆخە زیانیان پێدەگەیێنێت و هۆرمۆنی سترێس زیاد دەکات، کە دەکرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدان یان گەڕانەوەی نەخۆشییە دەروونییەکان بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێشتر گرفتی دەروونیان هەبووە.
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگ، دکتۆر پگا سەیدی داوا دەکات هاونیشتمانیان رووداوەکان بکەنە دوو بەشەوە؛ ئەو شتانەی کۆنترۆڵیان بەسەردا هەیە وەک روتینی ژیانی خۆیان، و ئەو شتانەی کۆنترۆڵیان بەسەردا نییە وەک گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییە خێراکان. ئەو دەڵێت: "پێویست ناکات وردەکاریی هەموو رووداوەکان بزانین، بەڵکو دەبێت کات و سەرچاوەی وەرگرتنی هەواڵەکان دیاریبکرێن و باوەڕپێکراو بن."
پسپۆڕەکە بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە یەکێک لە باشترین هەنگاوەکان بۆ دابەزاندنی هۆرمۆنی سترێس دەزانێت و دەڵێت: "توێژینەوەکان دەریانخستووە کە وەرگرتن یان ناردنی پەیامێکی کورت لەگەڵ کەسانی نزیک لە کاتی قەیراندا، دەتوانێت بە ئەندازەی دەرمان هۆرمۆنی سترێس کەم بکاتەوە." هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی کۆبوونەوە خێزانییەکان نەکرێنە جێگەی باسی سیاسی و تێڕوانینی جیاواز، چونکە ئەوە خۆی دەبێتە سەرچاوەیەکی تری سترێس و نائارامی.
سەبارەت بە شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ لە کاتی قەیراندا، دکتۆر پگا روونیکردەوە کە "هەمیشە بیرکردنەوە مەیلی بۆ خراپترین سیناریۆکان هەیە بۆ خۆپارێزی، بەڵام نابێت پەرەی پێ بدرێت، بەڵکو پێویستە قبوڵ بکرێت کە ترسەکە بابەتێکی سروشتییە". ئەو دەروونناسە جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە خێزانەکان لەبەردەم منداڵدا باسی هەواڵە ترسناکەکان نەکەن و کاتێک منداڵێک دەترسێت، پێی بگوترێت: "سروشتییە بترسیت، بەڵام من لێرەم و دەتپارێزم."
بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی خەو و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، پسپۆڕەکە چەند رێکارێکی تری خستەڕوو لەوانە:
•دوورکەوتنەوە لە شاشەکان: کاژێرێک پێش خەوتن مۆبایل و تەلەفزیۆن بەکارنەهێنرێت.
•راهێنانی هەناسەدان (Somatic Exercise): ئەنجامدانی هەڵمژینی کورت و دەرکردنی درێژ و قووڵی هەناسە، مێشک هێور دەکاتەوە.
•تێکەڵبوون بە سروشت: پیاسەکردن لە ناو سروشتدا وزەی سترێس لە جەستە دەردەکات و پەیامی دڵنیایی دەنێرێت بۆ مێشک.
لە کۆتاییدا دکتۆر پگاه سەیدی رایگەیاند، داواکردنی یارمەتیی دەروونی نیشانەی هۆشیارییە، و ئاشکرای کرد، لەگەڵ دەستپێکی ئەو شەڕە سەنتەری راوێژکاریی دەروونی لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان (KTI) لە سلێمانی کراوەتەوە، خزمەتگوزاریی ڕاوێژی دەروونیی بێبەرامبەری (ئۆنلاین، تەلەفۆنی و رووبەڕوو) بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین کردووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، و هاونیشتمانیان دەتوانن لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی سەنتەرەکەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و پاڵپشتی دەروونی وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ