15 کەس لە بریندارەکانی کەرکووک رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە

03-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی کەرکووک دەڵێت، لە رووداوەکانی دوێنێی شاری کەرکووکدا چوار کەس بە گوللە گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکە برینداربوون و 15 کەسیان چوونەتەوە ماڵەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 3-9-2023، سامان یابە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی کەرکووک، لەبارەی دۆخی ئەو بریندارانەی دوێنێ بە گوللە بریندار کران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رووداوەکانی دوێنێدا چوار کەس کوژران و 16 کەسی دیکەش برینداربوون کە بەشێکی زۆری بریندارەکان بە گوللە بریندارببوون."
 
سامان یابە گوتیشی، "لەو 16 کەسەی برینداربوون، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەر، 15یان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، ئێستا تەنیا یەک بریندار لە نەخۆشخانە ماوە کە دۆخی ئەویش نە باشە و نە خراپە و هەموو کارێک دەکرێت بۆ ئەوەی بەخێرایی رەوانەی ماڵەوە بکرێتەوە."
 
لە 27ـی ئابەوە بەشێکی عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکەیان و هەولێریان داخستبوو، لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدابوو و پاساویان ئەوەبوو کە دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن لە کەرکووک، کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
دوێنێ شەممە، 2-9-2023، هاونیشتمانییانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی شارەکەیان و هەولێر خۆپێشاندانیان کرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کە لە هەفتەی پێشوودا بەرامبەر داخستنی رێگەکە لەلایەن عەرەبەکانی شارەکەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، بەشێوەیەکی تووند وەڵامی خۆپێشاندەرانی کوردیان دایەوە و لە گرژییەکاندا چوار کەس بە گوللە گیانیان لەدەستدا و 15 کەسیش بریندار بوون.
 
بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر داوای خۆی، محەممەد شیاع سوودانی و پەرلەمانتارانی نوێنەری پارێزگای کەرکووک بۆ تاوتوێکردنی ئاڵۆزییەکانی کەرکووک لە بەغدا کۆببنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.