رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێزێکی زۆری ئەمنی لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە و دۆخی گەڕەکەکانی دیکە ئاساییە. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، تائێستا چوار خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسیش بریندارن، کە برینی یەکێکیان سەختە. ئاماژەی بەوەشکرد، کە رێگەی هەولێر و کەرکووک کراوەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 3ـی ئەیلوولی 2023، موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئامارەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و تاوەکو ئێستا چوار کوژراو و 15 بریندار هەن؛ لە بریندارەکاندا یەکێکیان برینەکەی سەختە".
درەنگی شەوی رابردوو ناسنامەی کەسێک بەناوی حوسێن سابیر بڵاوکرایەوە کە تەرمەکەی براوەتە دادپزیشكی کەرکووک، لەوبارەیەوە گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی: "ئەو کەسە بە دەمانچە کوژراوە و کوشتنێکی تاوانکارییە و پەیوەندی بە خۆپێشاندانەوە نەبووە".
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت، تائێستا چوار خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسیش بریندارن کە برینی یەکێکیان سەختە pic.twitter.com/RXDARoFiwc
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 3, 2023
دۆخی گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک وەریگرتوون، "هێزێکی زۆری ئەمنی لە گەڕەکە کوردییەکان بڵاوەیان پێکراوە".
بڵاوەپێکردنی هێز لە گەڕەکە کوردییەکاندا لەکاتێکدایە وەکو سەرچاوەکەی رووداو دەیڵێت، دۆخی گەڕەکە عەرەبنشین و تورکماننشینەکان تەواو ئاساییە و هیچ هێزێکی ئەمنیی بۆ نەبراوە.
رێگەی کەرکووک - هەولێر کرایەوە
موقەدەم عامر شوانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ رێگەی کەرکووک – هەولێر بە فەرمی کراوەتەوە و هەموو بەربەستەکانی داخستنی رێگەکە لابراون، ئێستا هەموو کەسێک دەتوانێت بە رێگەکەدا هاتووچۆ بکات.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، خێمەی خۆپێشاندەرانی چەند رۆژی رابردووی عەرەبەکانی کەرکووک لابراوە و دۆخی ئەو شەقامە ئاسایی بووەتەوە.
قەدەخەی هاتووچۆ هەڵگیرا
دوێنێ دوای رووداوەکانی کەرکووک، 24 کاژێر قەدەخەی هاتووچۆ لە شارەکە راگەیێندرا. عامر شوانی دەڵێت، ئەمڕۆ کاژێر 08:30ـی بەیانی قەدەخەی هاتووچۆ بە تەواوی هەڵگیراوە.
دوێنێ لە کەرکووک چی روویدا؟
لە 27ـی ئابەوە بەشێکی عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکەیان و هەولێریان داخستبوو، لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدابوو پاساویان ئەوەبوو کە دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن لە کەرکووک، کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
دوێنێ شەممە هاونیشتمانییانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی شارەکەیان و هەولێر خۆپێشاندانیان کرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کە لە هەفتەی پێشوودا بەرامبەر داخستنی رێگەکە لەلایەن عەرەبەکانی شارەکەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، بەشێوەیەکی تووند و بە گوللە وەڵامی خۆپێشاندەرانی کوردیان دایەوە، کە لە ئەنجامیدا چوار کەس شەهیدبوون و 15 کەسیش بریندار بوون.
ناڕەزایی عەرەبەکان کاتێک فراوانتربوون، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو بە گەڕانەوەی سەرجەم ئەو بارەگا و خانووانەی پێشتر هی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون و دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئەوانی تێدا نەماون.
ئەوانەی دژی بڕیارەکەی سوودانین، زۆرینە عەرەب و بەشێکی سەرەکییان لایەنگران و ئەندامانی حەشدی شەعبین، بەجۆرێک 29ـی مانگی رابردوو، سەجاد مەهدی، کەسی یەکەمی عەسائیبی ئەهلی حەق لە کەرکووک بە پەیامنێری رووداوی گوت: "رێگەکان ناکرێنەوە و داخستنیان لە ئەنجامی تووڕەیی ئێمە بووە و دەمانەوێت بەو شێوەیە دەنگمان بگەیێنین بە حکومەتی عێراق".
سوپاسالای عێراق سەردانی کەرکووکی کرد و لەگەڵ کورد کۆنەبووەوە
دوێنێ شەممە، فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق بە یاوەری یاریدەدەری سوپاسالار بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی هێزی وشکانی گەیشتە بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، ئامانجی سەردانی شاندەکە ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنی و بڵاوبوونەوەی هێزەکان لە کەرکووک.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە بەرپرسانی پارتی لە کەرکووک وەریگرتوون، یارەڵڵا لەگەڵ بەرپرسانی حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووکدا هیچ گفتوگۆیەکی لەسەر دۆخەکە نەکردبوو، لەکاتێکدا هۆشداری دروستبوونی خۆپێشاندانی کورد و ئەگەری سەرهەڵدانی ئاڵۆزی درابوو.
هەر دوێنێ پێش خۆپێشاندانی هاونیشتمانییانی کەرکووک، پڕۆژەی عەرەبی لە کەرکووک و فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق دوو کۆنگرەی رۆژنامەڤانییان کرد و هیچیان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون بارەگاکانی پارتی رادەستی حیزبەکە بکرێنەوە و پێشنیاز و پاساوی دیکەیان خستەڕوو.
خالید مەفرەجی، نوێنەری پرۆژەی عەرەبی لە کەرکووک لە کۆنگرەکەدا گوتی، چەند بژاردەیەک پێشنیاز دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ناڕەزاییەکان و گوتی: "بژاردەی زۆر هەن؛ یەکێکیان دەستبردنە بۆ دادگە، دادگەی عێراق بە ئەستۆپاکی و بوێری لە بڕیاردانییەوە ناسراوە. هەر لایەنێک مەبەستی چارەسەرکردنی هەبێت، لە بری بەریەککەوتن و نانەوەی گرژی، با بەڵگەکانی خۆی پێشکێشی دادگە بکات و دادگە خۆی بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات. بژاردەی دووەمیش پێدانی شوێنی دیکەیە بۆ ئەوەی پارتی بیکاتە بارەگای سەرەکیی خۆی. ئێمە لایەنگری گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانین بۆ کەرکووک، مافی خۆیانە بگەڕێنەوە و بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی بکەن، بەڵام دەمانەوێت گەڕانەوەیان بەشێوەی ئاشتیخوازانە و یاسایی بێت دوور لە بەریەککەوتن و کێشە، چونکە کەرکووک دۆخی تایبەتی خۆی هەیە".
هاوکات ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "باشترین رێگەچارەی ئەم پرسە، یەکلاییکردنەوەیەتی لە رێگەی دادگەوە، ئەویش دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکان. هەر رێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و هەولێر کرابێت بەبێ گوێدانە راوبۆچوونی پێکهاتەکان و بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک، ناچارمان دەکات لە رێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە داوای پاڵپشتی نێودەوڵەتیی و هەرێمی بکەین. تەنانەت ئەگەر دۆخەکە بخوازێت داواکانمان ئاراستەی وڵاتانی دراوسێش دەکەین بۆ ئەوەی نێوەندگیری بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکاندا".
لە 27ی ئابی 2023ـەوە لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک خۆپێشاندانە و نایانەوێت ئەو شوێنە رادەستی پارتی بکرێتەوە، کە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر ئەو حیزبەی تێدابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ