رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای بەردەڕەشی پارێزگای دهۆک بۆ کەمکردنەوەی کێشەی خراپیی رێگەوبانەکان، بە گوژمەی 8 ملیار دینار چەند پرۆژەیەک لە بوارەکانی ئاوەڕۆ، رێگەی نێوخۆیی و شەقامی سەرەکی و شەقامی 30 مەتری جێبەجێدەکرێن. سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێت: "هەموو پرۆژەکان کاریان تێدا دەکرێت و چەند پرۆژەیەکیش تەواوبوونە".
ئەندازیار سیروان حەسەن قادر، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ساڵ تەنیا شارەوانیی بەردەڕەش بە گوژمەی 8 ملیار دینار پرۆژەیان جێبەجێکردوون، بەشێکیان تەواوبوونە بەشێکیشیان کاریان تێدا دەکرێت، هەروەها رەزامەندی خەرجکردنی 7 ملیاردیناری دیکە دراوە بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لەبواری ئاوەڕۆ و رێگەوبان. لەوانە، جووتسایدی سەرەکی بەردەڕەش ئێستا رەزامەندی وەرگیراوە و تەنیا ماوە بدرێتە بەڵێندەر و دەست پێبکرێت.
سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش گوتی: "دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی چوارگۆشەیی بە بڕی 1 ملیار و 200 ملیۆن دینار تەواوبووە و ئێستا کراوەتەوە. هەروەها پرۆژەیەکی رێگەوبانمان هەبوو، کە بریتی بوو لە شەقامێکی سەرەکی. ئێستا دەست بەقیرکردنی کراوە و کۆتایی ئەم هەفتەیە تەواودەبێت. پرۆژەکانی دیکەش کارکردن تێیاندا بەردەوامە، هەموو پرۆژەکان دەبێت لە ماوەی ساڵێکدا تەواو بکرێن".
لەبارەی کێشەی کەمئاوی لە سنووری قەزای بەردەڕەش ئەندازیار سیروان حەسەن قادر گوتی: "کێشەی ئاو زۆر کەمبووەتەوە و چەندان پرۆژە لەنێو سەنتەری بەردەڕەش و گوندەکانیش جێبەجێدەکرێن. ئەم پرۆژانە هۆکارێکی باشن بۆ ئەوەی کێشەی کەمئاوی لە سنووری قەزاکەمان نەهێڵن یان کەمبکەنەوە".
سەرۆکی شارەوانی بەردەڕەش لەبارەی دیاریکردنی زەوی بۆ دابەشكردن بەسەر فەرمانبەران گوتی: "بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لەنێو سەنتەری قەزای بەردەڕەش چەند شوێنێکمان دیاری کردووە، ئێستا کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ