رووداو دیجیتاڵ
پاسێکی نەفەرهەڵگر لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان وەرگەڕا و 27 کەس بریندار بوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلولی 2025 لە رێگەی نێوان رووها و سرووج روویدا.
پاسێکی نەفەرهەڵگر کە لە پارێزگای وانی باکووری کوردستانەوە بەرەو پارێزگای هاتای تورکیا دەچوو، لە کۆنترۆڵ دەرچوو و وەرگەڕا. بەگوێرەی زانیارییەکان برینی سێ کەس لەو 27 نریندارە سەختە.
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی تەندروستی، بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە لە پاسەکە دەرهێندران و بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە جیاوازەکانی رووها گوێزرانەوە.
لێکۆڵینەوە دەربارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموز، 376 هەزار و 233 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، لە ئەنجامیاندا هەزار و 401 کەس گیانیان لەدەستداوە و 226 هەزار و 535 کەس بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ