رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەک کەسایەتیی و نوێنەرانی کۆمەڵە و رێکخراوی کوردانی فەیلی کرد و رایگەیاند کوردانی فەیلی "هێمای فیداکاری و کوردپەروەرین و نموونەیەکی دیاری ئەو ستەم و چەوساندنەوەیەن کە لە دژی گەلی کورد ئەنجام دراوە."
رۆژی یەکشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2024، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی و نوێنەرانی کۆمەلە و رێکخراوی کوردانی فەیلی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا شاندی میوان "کورتەیەکیان لە کێشە و گیروگرفتەکانیان و بابەتی بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری کوردانی فەیلی لە ماف و ناسنامە و ئاسەواری ئازاردان و راگواستنیان و دەرئەنجامەکانی سیاسەتی شۆڤینی بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو کە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق لە دژی کوردانی فەیلی پیادە کراوە و تاوەکو ئەمڕۆش بەشێک لەم کێشانە هەر بەردەوامن."
شاندەکە هەروەها "سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد کە هەمیشە بەرگریی لە مافەکانی کوردانی فەیلی کردووە لەو کێشە و ئاستەنگانەی هەیانە و هەمیشە داکۆکیکار بووە بۆ گەڕاندنەوە و چەسپاندنی مافەکانیان."
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی کەسایەتی و نوێنەرانی رێکخراو و کۆمەلەی کوردانی فەیلی، پێزانینی بۆ هەڵوێستەکانیان هەبوو، و رایگەیاند، "کوردانی فەیلی هێمای فیداکاری و کوردپەروەرین و نموونەیەکی دیاری ئەو ستەم و چەوساندنەوەین کە لەدژی گەلی کورد ئەنجام دراوە. جەختیشی لەوە کردەوە کوردانی فەیلی بەهۆی ناسنامەی نەتەوەییان تووشی زوڵم و دەربەدەریی و ئاوارەیی بوونە."
هاوکات، سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپاتکردەوە "ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ پاڵپشتیکردن و جێگیرکردنی تەواوی ماف و داواکاریبەکانی کوردانی فەیلی ئەنجامی دەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ