ئەو لایەنە کوردستانییانەی لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لیستیان نییە دەنگ بە کورد دەدەن

03-11-2025
زانیار بەهادین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زۆرینەی ئەو لایەنە سیاسییانەی لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لیست و بەربژێریان نییە، بڕیاریان داوە دەنگ بە لیستە کوردستانییەکان بدەن، ئامانج ئەوەیە دەنگی کورد لەو ناوچانە نەفەوتێت و نوێنەرایەتیی کوردیش زیاتر بێ.

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەرپرس و ئەندامانی لە سنووری ناوچەی کێشە لەسەرەکان "سەربەست" کردووە دەنگ دەدەنە کام لیست و لایەن، بەڵام بەپێی گوتەی بەرپرسی مەڵبەندی شەشی یەکگرتوو لە کەرکووک: دەنگ دەدەنە بەربژێرێکیان کە لەنێو لیستی نەوەی نوێیە.
 
کۆمەڵی دادگەری بە دیاریکراوی لایەنێکی دیاری نەکردووە دەنگی پێبدات، بەڵام تەنیا ئەوە یەکلایی کراوەتەوە دەنگدەرانی ئەو حیزبە ئیسلامییە دەنگ بە لیستە کوردستانییەکان بدەن.
 
حیزبی شیوعیی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لیستی نییە، بەڵام پشتگیریی بەربژێرێکی کریستیان بە ناوی 'سائیرە یوسف عوسمان' دەکات و لە هەموو بازنەکان دەنگی پێ دەدەن. 
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانیش بڕیاریان داوە لە ناوچە کوردستانییەکان دەنگ بە لایەنە کوردستانییەکان بدەن و پشتیوانییان بکەن. 
 
یوسف ئەحمەد، بەرپرسی مەڵبەندی شەشی یەکگرتوو لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کادرێکیان لەناو لیستی نەوەی نوێ خۆی بەربژێر کردووە، لە سنووری کەرکووک دەنگ بەو بەربژێرە دەدەن و دەیانەوێت لایەنە ئیسلامییەکانی دیکەش پشتیوانی بکەن."
 
بەرپرسەکەی یەکگرتوو رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنیان هەبێ لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ و دەڵێت: "هاوپەیمانیمان نییە لەگەڵ ئەو حیزبە، تەنیا بەربژێربوونی کادرێکمانە لەناو لیستی نەوەی نوێ و پشتیوانی دەکەین."
 
هۆکاری ئەو مامەڵەیان لە کەرکووک بۆ هەستیاریی دۆخی شارەکە گەڕاندەوە و گوتی، "دوای شکستهێنانی یەک لیستی کوردستانی، بڕیارمانداوە لەپێناو نەفەوتانی دەنگی کورد ئەم رێگەیە هەڵبژێرین". 
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تەنیا لە سێ بازنەکەی هەرێمی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی کردووە و 16 بەربژێری لە سەرجەم بازنەکان هەیە. 
 
د. محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ئاستی ناوچە دابڕێنراوەکان مەڵبەند و کادرانی یەکگرتوو ئازادن هەر بڕیارێک دەدەن و پشتیوانی هەر لایەنێک دەکەن". 
 
کۆمەڵی دادگەری دەنگ بە لیستە کوردستانییەکان دەدات
 
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''لە رابردوو هەموو هەوڵێکمان بۆ یەک لیستی بوو، بەڵام سەری نەگرت، بۆیە لە پێناو دەنگی کورد نامانەوێت دەنگەکان بفەوتێ.''
 
بڕیاری حیزبەکەشی روونکردەوە بۆ دەنگدەرانیان لە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکان و دەڵێت: "دەسەڵاتمان داوە بە مەڵبەندەکانمان لە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکان چی لە بەرژەوەندیی کوردە ئەوە بکەن، بە دڵنیاییشەوە دەنگ بە لیستی کوردستانییەکان دەدەن."
 
حیزبی شیوعی لە هەموو بازنەکان دەنگ بە یەک بەربژێر دەدات 
 
حیزبی شیوعیی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لیستی نییە، بەڵام پشتگیری بەربژێرێکی کریستیان بە ناوی 'سائیرە یوسف عوسمان' دەکات، کە بە کۆتا لە سنووری پارێزگای هەولێر خۆی بەربژێر کردووە.
 
هیوا عومەر، جێگری سەرۆکی حیزبی شیوعیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یاسای هەڵبژاردن هاوکارمانە بۆیە لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن تەنیا دەنگ بەو بەربژێرە سەربەخۆیە دەدەین". 
 
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە، 9 کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراون، کورسییەک بۆ کوردانی ئێزدی لە نەینەوا، کورسییەکی دیکە بۆ کوردانی شەبەک لە هەمان پارێزگا، یەک کورسی بۆ کوردانی فەیلی لە واست، یەک کورسی بۆ سابیئەی مەندائی لە بەغدا و 5 کورسییش بۆ کریستیانەکان. 
 
5 کورسییەکەی کریستیانەکان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک، نەینەوا و بەغدا دابەشکراون، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، دەنگدەران لە سەرانسەری عێراق دەتوانن دەنگ بە بەربژێرانی کۆتای کریستیانەکان بدەن، ئەمەش کێبڕکێکەی گەرمتر کردووە.
 
'هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمان' دەنگ بە کورد دەدات
 
هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمان، لیستی نییە. کامیل جەلال، سەرۆکی حیزبەکە لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردن هۆکاری بەشدارینەکردنیان بۆ "خۆرێکخستنەوە و سەرقاڵبوون بە کاروباری نێوخۆی حیزب" گەڕاندەوە.
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەنگ بەو لایەنە دەدەین بڕوای بە ئازادی و نیشتمانپەروەری هەیە، لە ناوچە کێشە لەسەرەکانیش بە دڵنیاییەوە دەنگ بە کورد دەدەین." 
 
بزووتنەوەی ئیسلامی: دەنگدان بە کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کارێکی نیشتمانییە
 
حەسەن ئەمین بەرزنجی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "حیزبەکەی بڕیاریداوە کادر و لایەنگرانی لە سنووری بازنەکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە رابسپێرێت بۆ ئەوەی دەنگ بە لایەنێکی کوردستانی بدەن و دەنگی کورد نەفەوتێت."
 
بە گوتەی حەسەن بەرزنجی: "بەلای رابەری گشتیی حیزبەکەی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە، دەنگدان لەو سنوورانە رەهەندێکی نیشتمانیی هەیە و نابێ دەنگی کورد بفەوتێت."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بڕیاری دەنگدانی حیزبەکەی لە بازنەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بنەما گەڕاندەوە:
 
یەکەم: بەشدارییەکی چڕ بکرێت لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، چونکە بابەتێکی نەتەوەییە و چارەنووسسازە. 
 
دووەم: دەنگ بەو لایەنە بدەین دڵنیابین دەنگی کورد نافەوتێنن و دەنگەکان ناسووتێن، دەبێ دڵنیابین لەوەی کورسی دەبەنەوە.
 
لەبارەی ئەوەی دەنگەکانیان بۆ کام لایەن دەبێت، حەسەن ئەمین بەرزنجی گوتی: "بەرپرسانی باڵای پارتی لە سنوورەکە بۆ ئەو مەبەستە سەردانیان کردووین، بەڵام جارێ ماوە و هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدەین." 
 
گوتیشی: "بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەنگ بەو لایەنە دەدات زۆرترین کات بەدەمیەوە هاتبێت و سەردانیان کردبن."
 
لە هەرێمی کوردستاندا، 9 حیزب و 8 بەربژێری سەربەخۆ لەنێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدان.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9یان کۆتان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوێستان محەممەد میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رووداو بوو

کوێستان محەممەد: یاسای لێبووردنی گشتی نزیکەی نیوەی سزادراوان دەگرێتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکانی قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە هەولێر رێژەی سزادراوان نزیکبووەتەوە لە سێ هێندەی توانای چاکسازییەکە و 350 سزادراویش لە بنکەکانی پۆلیسن، بۆ ئەوەی شوێنێک لە چاکسازییەکان چۆڵ ببێت.