رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە بە فەرمی لیستی لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان نییە، رایدەگەیێنێت، لەو ناوچانە "بێ هەڵوێست" نابێت و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە ئەرک دەزانێت. بەرپرسێکی باڵای هەڵبژاردنی ئەو حیزبە ئاشکرای دەکات، ئەوان لە کەرکووک لە رێگەی کادرێکی پێشکەوتووی خۆیانەوە کە لەنێو لیستێکی دیکەی کوردستانیدایە، بەشداریی کارایان دەبێت و چەند رۆژێکی کەم پێش رۆژی دەنگدان، بە فەرمی دەنگدەرانیان ئاراستە دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 03-11-2025 هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی هەڵبژاردنی هەولێر و کەرکووکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، ستراتیژیی حیزبەکەی بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان خستەڕوو و رایگەیاند، "لە کەرکووک بێ هەڵوێست نابین. بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین و بە دڵنیاییەوە دەنگ بە لیستێکی کوردستانی دەدەین."
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو پشتڕاستی کردەوە، ئەوان پشتیوانی لە کادرێکی دیاری خۆیان دەکەن کە لەسەر لیستێکی دیکەی کوردستانی خۆی بەربژێر کردووە و گوتی، "بەربژێرمان لەنێو لیستێکی کوردستانی هەیە و هەوڵدەدەین دەنگ بۆ ئەو کۆبکەینەوە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئایا ئەو کادرەی یەکگرتوو بەبێ پرس و رەزامەندیی حیزب چووەتە نێو لیستێکی دیکە، هێمن ئەسکەندەر رەتیکردەوە و گوتی، "کادرێک کە بگاتە ئەو ئاستە لە کاری حیزبی، هەرگیز بەبێ حیزب ئەو کارە ناکات. ئەمە شتێکی شاراوە نییە، بە دڵنیاییەوە پاڵپشتیی حیزبیی هەیە، لانیکەم ئەگەر حیزب خۆی نەینێرێت، ئۆکەیی پێدەدات کە لاریی نەبێت لەسەری. لە کەرکووک ئۆکەییان پێدراوە و هەموو حیزبە کوردستانییەکانیش لە کەرکووک دەزانن کامەیە."
سەبارەت بەوەی بۆچی ناوی ئەو لیست و بەربژێرە بە فەرمی راناگەیێنن، هێمن ئەسکەندەر ئاماژەی بەوە دا کە کاتی بانگەشەیە و تاکتیکی هەڵبژاردنیان هەیە، بەڵام دڵنیایی دا، "چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردن، لە کەرکووک بە فەرمی ئاراستەی دەنگدەر و هەوادارانی خۆمان دەکەین کە دەنگ بە لیستی ژمارە فڵان و بەربژێری ژمارە فڵان بدەن."
هێمن ئەسکەندەر دەڵێت، "هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی درا، بەڵام سەرینەگرت. کاتێک نەتواندرا، ئێمە گوتمان بۆئەوەی دەنگ بەهەدەر نەڕوات و حیزب بەشداریی هەڵبژاردن بکات، بڕیارمان دا بەربژێرمان لەنێو یەکێک لە لیستە کوردستانییەکاندا هەبێت."
لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوای لە دەنگدەرانی کردووە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەنگ بە لیستە کوردستانییەکان بدەن. بزووتنەوەی ئیسلامییش دەنگدان لە کەرکووک بە "کارێکی نیشتمانی" دەزانێت و رایگەیاندووە، دەنگ بەو لایەنە دەدەن کە دڵنیابن دەنگەکان دەپارێزێت. هاوکات حیزبی شیوعیی کوردستان بڕیاری داوە پشتیوانی لە بەربژێرێکی کریستیان بکات وەکو هەوڵێک بۆ پاراستنی فرەڕەنگیی ناوچەکە و دەنگی پێکهاتەکان.
هێمن ئەسکەندەر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە فرەیی لیستەکان لە کەرکووک مەرج نییە زیانی هەبێت، بەڵکو رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی رکابەری و هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان. ناوبراو گوتی، "زۆرجار لە فرەیی و جۆراوجۆریدا رکابەری زیاتر دەبێت و خەڵک زیاتر هاندەدرێت بۆ دەنگدان. ئامانجی هەموومان ئەوەیە کە کورد بتوانێت نیوەی کورسییەکانی کەرکووک بەدەستبهێنێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستە رێژەی دەنگی کورد پیشان بدەین، نەک تەنها ژمارەی کورسییەکان."
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو دووپاتیکردەوە کە ئەوان وەک هێزێکی سیاسیی کوردستانی، بروای تەواویان بە دۆزی رەوای کورد هەیە و "هیچ کێشەیەکمان لەسەر نەتەوەبوون و دەوڵەتی کورد و دەوڵەتی کوردستانی نییە، بۆیە بە دڵنیاییەوە بە دەنگەکانمان لە ئاراستەی کوردیدا دەبین."
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. تەنیا پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ بە فەرمی لە بازنەی کەرکووک بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ