مانگێک لە بانگەشەدا.. زۆرترین سزا لە هەولێر و زۆرترین سکاڵا لە سلێمانی

03-11-2025
زانیار بەهادین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بە بەهای 12 ملیۆن دینار لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سزادراون، کە زۆرینەیان لە هەولێر بوون و کەسیش لە دهۆک سزا نەدراوە.
 
مانگێکە هەرێمی کوردستان و عێراق لە بانگەشەی هەڵبژاردندان، لەو ماوەیەدا 6 سزادان هەبوون کە پێنجیان لە هەولێر و یەک دانەیان لە سلێمانی بوون.
 
هەر لە ماوەی بانگەشەدا حەوت سکاڵا تۆمار کراون کە پێنج سکاڵایان لە بازنەی سلێمانی و دوو سکاڵایان لە بازنەی دهۆک بوون.
 
ئێستا سێ سکاڵای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە لێکۆڵینەوەدایە و لایەنەکان چاوەڕوانی یەکلایکردنەوەیانن.
 
کۆمیسۆن لە هەولێر بە بەهای 10 ملیۆن دینار سزای سێ لایەن دەدات
 
ئەمڕۆ دووشەممە، مەروان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەولێر هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە، تەنیا 42 ئاگادارکردنەوە هەبوون کە 37ـیان بەدەم داواکارییەکەوە چوون و پێنجیشان سزادراون.
 
روونیکردەوە، سەرجەم سزادانەکانیان دارایی بوون کە هەر سەرپێچییەک بە دوو ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ کراوە بەهۆی ئەوەی بەدەم ئاگادارکردنەوەکانەوە نەچوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لایەنە سزادراوەکانی هەولێر هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرەی تورکمانی عێراقی بوون.
 
لە هەولێر، ملیۆنێک و 410 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 108 بەربژێر رکابەری لەسەر 16 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
 
لە سلێمانی چوار سکاڵا تۆمار کراون
 
ئامانج عەزیز، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕیی میدیایی روداوی گوت، "لە بازنەی سلێمانی تائێستا 5 سکاڵا تۆمار کراون، چواریان رەتکراونەتەوە و سکاڵاکەی دیکەش لە لێکۆڵینەوەدایە."
 
باسی لەوەش كرد، تەنیا یەک سزادانیان هەبووە، ئەوەیش بەهۆی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنەوە کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بووە و بە دوو ملیۆن دینار سزادراوە.
 
لە سنووری بازنەی سلێمانی 136 بەربژێر رکابەری لەسەر بردنەوەی 18 کورسیی پەرلەمان دەکەن، 9 پارتی سیاسی، 4 بەربژێری سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن و زیاتر لە 1,535,000 دەنگدەریش لە پارێزگاکە هەن.
 
لە دهۆک کەس سزا نەدراوە
 
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "تائێستا هیچ سەرپێچییەکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە دهۆک تۆمار نەکراوە و کەس سزا نەدراوە، تەنیا ئاگاداری بە 12 بەربژێر دراوە بۆ گۆڕینی شوێنی پۆستەرەکانیان، ئەوانیش داواکارییەکەیان جێبەجێ کردووە."
 
بە گوتەی بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سنووری بازنەکەیاندا لە ماوەی مانگێکی بانگەشەدا دوو سکاڵا تۆمار کراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەر دوو سکاڵاکە لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە لەسەر دڕاندن و شێواندنی پۆستەرەکانیان تۆمار کراوە، حیزبەکە وێنە و ڤیدیۆی پێشکێشکردووە و لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکان بەردەوامە و تائێستا یەکلایی نەکراونەتەوە. 
 
59 بەربژێر لە تەواوی پارێزگای دهۆک هەن و 945 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
بانگەشەی هەڵبژاردن
 
رۆژی 03ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2025 بانگەشە کۆتایی دێت.
 
بڕیارە رۆژی 9ـی تشرینی دووەم دەنگدانی تایبەت و رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی سەرۆک بارزانی، ئۆجەلان و ئەردۆغان

سەرۆک بارزانی: دەستخۆشی لە بەڕێزان ئەردۆغان و ئۆجەلان دەکەم و بۆ ئاشتیی پشتیوانیانم

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی تایبەتدا کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستەنبووڵ خوێندراویەوە رایگەیاند، "هەموو پشتیوانییەکی پڕۆسەی ئاشتی دەکەم."