کشتوکاڵی هەولێر قڕکەر بێ بەرامبەر دەداتە جووتیاران

03-11-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، لە سنووری پارێزگاکە هەشت هەزار لیتر قڕکەر بێ بەرامبەر دەدرێتە جووتیاران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم ساڵ زیاتر لە 750 هەزار تۆن بەروبوومی کشتوکاڵییان رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 03-11-2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیاران، دەرمانی قڕکەریان بێ بەرامبەر پێدەدرێ.
 
هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوە کرد: ''حکومەت لەو دۆخە ئابوورییە هەستیارەدا پاڵپشتیکردنی جووتیارانی لەبیرنەکردووە و بۆ وەرزی چاندنی دانەوێڵە، هەشت هەزار لیتر قڕکەرمان بۆ جووتیارانی سنوورەکەمان ئامادە کردووە، بە سنووری مادەی 140 و قەزای کۆیەشەوە.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر باسی لەوەش کرد، ئامانج لە دابەشکردنی قڕکەرەکە بریتییە لە پاڵپشتیی بەرهەمی نێوخۆیی و بەرزکردنەوەی کواڵیتیی بەروبوومی کشتوکاڵی.
 
بەگوتەی هێمن سەید موراد، بۆ وەرگرتنی قڕکەرەکان، جووتیاران دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە سنووری قەزا و ناحیەکانی خۆیان بکەن.
 
بەشێک لە زەوییەکانی سنووری هەولێر دێمن. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی: ''کەمیی باران هۆکار بووە بۆ ئەوەی بەرهەمی بەشێک لەو زەوییانە زۆر کەم بکات.''
 
هێمن سەید موراد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو جووتیارانەی زەویی دێمیان هەیە، دەڵێت: ''لە چوارچێوەی رێنماییەکانی بیرلێدان، کارئاسانیی تەواومان بۆ ئەو جووتیارانە کردووە کە داوایان کردبوو زەوییەکانیان بکرێتە بەراو.''
 
لە یەکەم هەنگاودا دوای چاندنی بنەتۆ، پێویستە زەوییەکان بە دەرمانی قەڕکەر بپڕژێندرێ. جووتیاران دەڵێن، نرخی هەر لیترێکی ئەو قڕکەرەی بێ بەرامبەر پێیان دەدرێ، نزیکەی 40 هەزار دینارە و هاوکارییەکەی حکومەت بە پاڵپشییەکی باش دەزانن بۆ خۆیان.
 
بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە بەرهەمی خۆماڵیی ئەم ساڵی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر کرد و گوتی:''پێویستیی ناوخۆییمان پڕکردووەتەوە و زیاتر لە 750 هەزار تۆنیش رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کراوە.''
 
پەتاتە، پیاز، کولەکە، ترۆزی، هەڵوژە، خەیار، شووتی، کەلەم، کاڵەک و پاقلە بەشێکی سەرەکیی ئەو بەرهەمانەی هەرێمی کوردستانن هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای یەکێتی و بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە هەولێر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر وەڵامی میران بەکر دەداتەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و میران بەکر، رۆژنامەڤان و سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگە، دوو گێڕانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکەی شەوی رابردوو بڵاودەکەنەوە.