رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەیەکی کچان لە کەرکووک بووەتە جێگەی مەترسی و تێیدا ژمارەیەک مامۆستا و قوتابی تووشی شێرپەنجە بوون، بەڵام لایەنە فەرمییەکان دەڵێن، قوتابخانەکە "پاکە".
ئەسما سەلمان، مامۆستای قوتابخانەی ئامادەیی واستی کچانە و تووشبووی شێرپەنجەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵی 2023 لە نەخۆشخانەی فارووق پێیانگوتم کە ساڵێک لەمەوبەر تووشی شێرپەنجەی مەمک بوویت."
دوای دەرکەوتنی نەخۆشییەکەی، ئەسما بۆی دەرکەوتووە تەنیا نییە و گوتی، "هاوپیشەکانم کە پشکنینیان کردبوو، ئەوانیش هەڵگری نەخۆشییەکە بوون کە ژمارەیان 12 مامۆستایە، حەوتیان گیانیان لەدەستدا و ئێستا 5 کەسمان ماوین، هەروەها 6 قوتابیمان تووشی نەخۆشییەکە بوون و دووانیان گیانیان لەدەستدا."
ئەو مامۆستایە دەڵێت، ساڵی 2023 سکاڵای لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق تۆمارکردووە و گوتوویەتی، "نەخۆشیی شێرپەنجە بە هۆکارێکی نادیار لەنێو قوتابخانەکەدا بڵاوبووەتەوە و داوام کرد پشکنین بۆ قوتابخانەکە بکرێت."
بە گوتەی ئەسما سەلمان، "هەر دوای سکاڵاکەم، بەڕێوەبەری ئەوکاتی قوتابخانەکە باخچەکەی کۆنکرێت کرد، چونکە لە ساڵی 2014 کاتێک ئەمریکییەکان لەنێو قوتابخانەکە بوون، چەک و تەقەمەنییان لەژێر باخچەکەدا شاردبووەوە."
ئەو تووشبووەی شێرپەنجە ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆتاییەکانی 2023، لیژنەیەک رۆژی هەینی سەردانی قوتابخانەکەی کرد و بۆ رۆژی دواتر گوتیان قوتابخانەکە هیچ کێشەیەکی نییە." ئەو داوای کرد "لیژنەیەکی جیددی پێکبهێنرێت، دوور لە نەتەوەپەرستی و مرۆڤانە کاربکات."
لەلایەکی دیکەوە، مستەفا عوبێدی، چالاکڤانی ژینگەیی بە رووداوی گوت، "ئامار هەیە کە نەک تەنیا لە قوتابخانەکە، بەڵکو ئەو کەسانەی ماڵیان نزیک قوتابخانەکەیە تووشبوون و هەندێکیان بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە."
زەمیا محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "ساڵی 2023 لیژنەیەکمان پێکهێنا و بۆ ماوەی 4 مانگ قوتابخانەکە داخرا.
لیژنەکەمان لەگەڵ وەزارەتی ژینگە، دەزگای مەدەنی و وەزارەتی تەندروستی بوو. دوای پشکنین بۆ خۆڵی قوتابخانەکە، راپۆرتی وەزارەتی ژینگە ئەوە بوو کە قوتابخانەکە پاکە و هیچ کێشەیەکی نییە."
دکتۆر دەریا ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و خوێن لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە عێراق سەنتەرێکی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەمان نییە تاوەکو بزاندرێت لەرێگەی چییەوە ئەو نەخۆشییانە بڵاودەبنەوە، ناشتوانین بڵێین ئەمە لەڕێگەی ئەو قوتابخانەیەوە تووش بوون، ئەمە پێویستی بە پشکنینی ورد هەیە."
دکتۆر دەریا ئەحمەد گوتیشی، "دیاریکردنی هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجە ئەستەمە، ناتوانین بڵێین بە هۆکارێکی دیاریکراو تووشی شێرپەنجە بوون، زۆرجار هۆکارەکەی بۆماوەییە."
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر بەیار ئارام، دەرمانساز و پسپۆڕی کیمیای ژیانی بە رووداوی گوت، "ئەگەر مادەیەک یان پێکهاتەیەک لە ژێر زەوی بێت و تیشکدانەوەی هەبێت، ئەو کات ئەو کەسانەی نزیکی دەبنەوە تووشی شێرپەنجە دەکات."
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، بوونی چەک و کڵاشینکۆف لە ژێر زەویدا نابێتە هۆکار بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دیکە.
قوتابخانەی ئامادەیی واستی کچان نزیکەی 1000 قوتابی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ