پەرلەمانتارێکی هوداپار: 30 کارگە لە ئامەد داخراون و هەزاران کرێکار کاریان لەدەستداوە

03-12-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) دەڵێ، لە سێ مانگی رابردوودا لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، 30 کارگە داخراون و هەزاران کرێکار کاریان لەدەستداوە.
 
فارووق دینچ، پەرلەمانتاری هوداپار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەرلەمانی تورکیا، باسی لە کێشەکانی هێڵی شەمەندەفەری خێرا و کۆمەڵگەی پیشەسازیی چنین کرد.
 
پەرلەمانتارەکەی هوداپار گوتیشی، "لە سێ مانگی رابردوودا لە دیاربەکر 30 کارگە داخراون. لە کاتێکدا دەبوو 20 هەزار کرێکار لێرە کار بکەن، ئێستا ژمارەی کرێکاران بۆ دوو هەزار دابەزیوە. ئەم دوو هەزارەش جێگیر نییە و رۆژ دوای رۆژ ئەم ژمارەیە کەم دەکات."
 
دینچ ئاماژەی بەوەدا، "بەتایبەتی شەمەندەفەرێکی گەشتیاری لەنێوان گۆلی هەزار و ئامەد هەبوو، هەڵوەشێندرایەوە؛ داواکاری هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی. پێویستە گواستنەوەی شەمەندەفەر لەنێوان ئامەد و ئیستەنبووڵ و لە هەمووی گرنگتر هێڵی شەمەندەفەری خێرا هەبێت. پێویستە هێڵێکی سەرەکیی شەمەندەفەری خێرا هەبێت، کە رۆژهەڵات و رۆژئاوا پێکەوە ببەستێتەوە."
 
ئەو پەرلەمانتارەی هوداپار باسی کێشەی خاوەنکارەکانی پیشەسازیی چنین کرد و گوتی، "لە دیاربەکر شارێکی پیشەسازیی چنین دامەزراوە، بەڵام بەداخەوە بە دامەزراندنی ئەم شارە کارەکان تەواو نەبوون، چونکە بەتایبەتی نرخی تێچوون زۆر بەرزە و ئێستا پیشەسازیی چنین بەرەو میسر دەڕوات؛ تەنانەت وەبەرهێنەرانی تورکیا بەداخەوە ناچارن بچنە میسر، چونکە لەوێ بە تێچوویەکی کەمتر بەرهەم دەهێندرێت. بۆیە پێویستە پشتگیرییان بکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە