لە قەڵادزێ دووکانی دوو خوشک دەبێتە هۆی دروستبوونی بازاڕی کچان

04-01-2021
بەختیار قادر
بەختیار قادر
بازاڕەکە ناوی بازاڕی کچانە و گەورەترین بازاری پشدەرە. بەشێک لە کاڵاکانیش دروون و دەستچنی ئافرەتانی پشدەرن
بازاڕەکە ناوی بازاڕی کچانە و گەورەترین بازاری پشدەرە. بەشێک لە کاڵاکانیش دروون و دەستچنی ئافرەتانی پشدەرن
نیشانەکردن قەڵادزێ بازاڕ
A+ A-
 
رووداو - قەڵادزێ

لە قەلادزێ دوو خوشک توانیویانە گەورەترین و قەرەباڵخترین بازاڕی پشدەر دروست بکەن، کاتێک ساڵی 2014 بڕیاریان داوە دووکانێک دابنێن و بەدوای ئەوانیشدا ژمارەیەک ژنی دیکە بوونەتە دووکانداری بازاڕەکە و ئێستا بازاڕی "کچانی قەڵادزێ" دەستی لە هەموو بازاڕەکانی دیکەی پشدەر سەندووە.
 
دڵکەش و دڵنیا دوو خوشکی دووکاندارن، ساڵی 2014 دەست و قۆڵیان لەم کاسبیە هەڵکردووە و بژێوی خۆیان و منداڵەکانیان پەیدا دەکەن.
 
دڵنیا ئەحمەد دەڵێت: "کاتێک هاتین و دەستمان بەم کارە کرد، لە پشدەر نامۆ و سەیر بوو؛ چۆن کچ دەبنە دووکاندار؟ بەڵام کۆڵمان نەدا و سەرکەوتوو بووین. ئێستا کردوومانە بە دوو دووکان و کارمان باشە و ژیانی ماڵمانی لەسەرە و کچانی دیکەش هاتن و بوون بە دووکاندار."
 
ئەو دوو خوشکە هەوێنی دروستبوونی بازاڕی کچان بوون. هاوکات بێری و هەشت دووکانداری دیکەی ژن لەو بازاڕەدا کار دەکەن.
 
بێری سلێمان، دووکاندارە و دەڵێت: "من نەخۆش بووم و کەسی کاسبکارمان نەبوو. ئیتر بڕیارم دا ئەم دووکانە دابنێم. شوکر ئێستا چوار دووکانم هەیە و خەڵکی لام کاردەکات لە مامۆستا و ئەندازیار و وەک منداڵی خۆم سەیریان دەکەم. سەربەرزم کە بە کاسبییەکەمەوە کاسبیم بۆ کەسانی دیکەش رەخساندووە."
 
کڕیارانی ئافرەت حەز دەکەن کاڵای ژنانە لە ژن بکڕن، بۆیە زیاتر روو لەو دووکانانە دەکەن کە خاوەنەکانیان ئافرەتانن.
 
لەنجە محەممەد، کڕیارە و دەڵێت: "پێمان خۆش بوو کە دووکانداری ژن پەیدابوون. ئاسانتر دەتوانین شتومەکی خۆمان بکڕین. رەنگە زۆر شتی ژنانە هەبێت کە کڕینیان لە پیاوان ئاسان نییە."
 
بازاڕەکە ناوی بازاڕی کچانە و گەورەترین بازاری پشدەرە. بەشێک لە کاڵاکانیش دروون و دەستچنی ئافرەتانی پشدەرن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی سلێمانی

گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەهۆی تەمەوە راگیراون

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تەم ناوشاری سلێمانی و بەشێک لە رێگاکانی دەرەوەی شاری گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت دوو رۆژ بەردەوام بێت.