ژمارەی ماتۆڕە بێ سەرەتاکان لە سلێمانی زیادیکردووە

04-01-2023
هۆرڤان رەفعەت
دیمەنی شەقامێکی سلێمانی
دیمەنی شەقامێکی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک لە سلێمانی دەڵێت، چوار مانگە ماتۆڕسکیلە سێ تاییەکەی کە بژێویی خۆی و خێزانەکەی پێ دابین دەکرد، دزراوە. مام واحید دەشڵێت، شوێن نەماوە سکاڵای بۆ نەبات، بەڵام هەر دەڵێن ماتۆڕسکیلەکەت مامەڵەی سەرەتایی نەبووە و سکاڵات وەرناگیرێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ماتۆڕە بێ سەرتاکان لە شارەکە زیادیکردووە.
 
واحید سدیق، هاونیشتمانی کە پێشتر دوو ماتۆڕی لێ دزراوە و ئێستا ماتۆڕێکی دیکەی بە قەرز کڕیوە بە رووداوی گوت، "لە مانگی هەشتی 2022ـەوە ماتۆڕسکیلە سێ تاییەکەم دزراوە، هیچ سەرەتای نییە و ژمارەشم پێ نەدراوە، بۆیە تاوەکو ئێستا سکاڵاشم ئەنجامی نەبووە، هەر مانافێستێکم هەبووە، ئەو مانافێستەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان حسابی بۆ ناکرێت".
 
لە ساڵی 2012ـەوە بڕیاری پێدانی تابلۆ بە ماتۆڕسکیل راگیراوە و رێگە نادرێت بە فەرمی بهێندرێتە هەرێمی کوردستان، بۆیە بە شێوازی قاچاخ و نایاسایی و شێوازی جۆراوجۆر لە ناوچە سنوورییەکانەوە ماتۆڕەکان دەهێندرێن.
 
هەژار زیاتر لە 20 ساڵە کاری بازرگانیی ماتۆڕسکیل دەکات، پێنەدانی تابلۆ بە گرفتی گەورەی زیادبوونی ماتۆڕە بێ سەرەتاکان و هێنانی ماتۆڕ بە قاچاخ دەزانێت. 
 
هەژار عەلی، بازرگانی ماتۆڕسکیل بە رووداوی گوت: "ئێمە داوا دەکەین ماتۆڕسکیلەکان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی داخڵ ببن، حکومەت باج لە هاوردەکردنیان وەربگرێت و بە پارەش ژمارەی کاتییان پێ بدرێت بۆ ئەوەی گرفتەکە چارەسەر بێت".
 
هاتووچۆی سلێمانی ئاماری ماتۆڕە تۆمارکراو و ناتۆمارکراوەکانی لانییە، بەڵام دەڵێت، لەپێناو پاراستنی خەڵک و ماتۆڕسوارەکانیش، وەزارەتی ناوخۆ مەرجی داناوە بۆ تۆمارکردنی ماتۆڕسکیل.
 
عەقید بەختیار محەممەد، بەڕێوبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، هەموو ساڵێک ماتۆڕسکیلی مۆدێلی ئەو ساڵە و دوو مۆدێل خوار خۆی ژمارەی دەدرێتێ، جگە لەوانە ژمارە نادرێت بە ماتۆڕی دیکە، دەبێت کوالێتیی ماتۆڕەکەش باش بێت لەپێناو پاراستنی خەڵک و شۆفێری ماتۆڕەکە، هەروەها ئاسانکارییەکی دیکەشمان بۆ کردوون ئەویش ئەوەیە کە پارەی ژینگەی ساڵانەی ماتۆڕسکیل کراوە بە تەنها پێنج هەزار دینار، ئەویش وەک ئاسانکارییەک بۆ شۆفێری ماتۆڕسکیلەکان".
 
بەهۆی نەبوونی تابلۆ و سەرەتای ماتۆڕسکیلەکانەوە، تاوەکو ئێستا نازانرێت چەند ماتۆڕسکیل لە هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە جگە لە گرفتی ئەمنی، گرفتی بۆ سەلامەتیی گیان و گیرفانی ماتۆڕسوارەکانیش دروستکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوێستان محەممەد میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رووداو بوو

کوێستان محەممەد: یاسای لێبووردنی گشتی نزیکەی نیوەی سزادراوان دەگرێتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکانی قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە هەولێر رێژەی سزادراوان نزیکبووەتەوە لە سێ هێندەی توانای چاکسازییەکە و 350 سزادراویش لە بنکەکانی پۆلیسن، بۆ ئەوەی شوێنێک لە چاکسازییەکان چۆڵ ببێت.