رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لەو مژارانەی تاوتوێی دەکات، پرسی هەبوونی بەربژێرێکی هاوبەشی کوردە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
دوو سەرچاوە بە رووداویان گوت، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە پارتی بەربژێری نابێت، بەڵام داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات چەند ناوێک بخاتە بەردەستی و ئەویش رەزامەندی لەسەر یەکێکیان بدات. لە هەمان کاتدا پارتی داوا دەکات هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خێرا بکرێن.
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی زانیارییەکانی رووداو رەتناکاتەوە و دەڵێت: "دەتوانین بڵێن داواکارین، نەوەکو مەرج".
ئەمڕۆ یەکشەممە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسیی پارتی بە رووداویان گوت: "ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق".
دوو سەرچاوەکەی رووداو دەڵێن، یەکێک لە بژاردە بەهێزەکان ئەوەیە پارتی دەنگ بە بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدات، بەڵام داواکاری هەیە.
بەرپرسەکانی پارتی گوتیان: "دەبێت یەکێتی ناوی چەند کەسێک بداتە سەرۆک بارزانی و مەکتەبی ساسیی پارتی، ئەوکاتە پارتی یەکێکیان هەڵدەبژێرێ و پشتیوانی دەکات و وەکو بەربژێری کورد و هاوبەش دەنگی پێدەدەین".
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی پارتی بۆ دەنگدان بە بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار، ئاسانکاری بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ساڵێک زیاتر بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و تاوەکو ئەمڕۆ پێکنەهێندراوە. ئەوەش بەگوێرەی سەرچاوەکانی رووداو.
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هەڵوێستمان دەرنەبڕیوە بەرامبەر هەر خواستێکی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەوەی هەبێت لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییمان بڕیاری لەسەر دەدرێ".
تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی کاتی بەربژێربوون بۆ سەرۆککۆمار تەنیا سبەی دووشەممەی ماوە، پێدەچێ کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یان سبەی بێت.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتی: "مەکتەبی سیاسیمان کە کۆبووەوە، ئەوکاتە بەرچاومان روون دەبێ کە کێ بەربژێری حیزبەکەمان دەبێت".
هەر ئەمڕۆ، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداربوونی لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئومێد دەکەین پۆستی سەرۆککۆمار بە دڵی خەڵکی کوردستان و پارتیش بێت. ئەوەشی گرنگە ئەوەیە کە دەبێ کابینەی 10 پێکبێت بە زووترین کات، کە دەرهاویشتەی زۆر ئەرێنی دەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق".
لەبارەی ئەوەی کە مەرجیان داناوە بۆ یەکێتی کە چەند بەربژێرێکی هەبێ، ئەحمەد کانی گوتی: "ئەوەی هەیە بۆچوونە نەوەک مەرج، ئێمە هەمیشە دەڵێین نە مەرج قبووڵ دەکەین نە دەچینە ژێر باری مەرجەوە؛ بۆ ئێمە وایە بۆ خەڵکی دیکەش هەروایە".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی گوتی: "ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆدەبێتەوە و دوای ئەو کۆبوونەوە بڕیار دەدرێت [کە پارتی بەربژێری دەبێت یان نا] کە دڵنیام بڕیارەکە لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ