پسپۆڕێکی ژینگە: دەبێت وەکو سەرچاوەی داهات و وزە چاو لە زبڵ بکرێت

04-02-2023
پەیمان محەممەد
چەند تەنەکەیەکی زبڵ لە بەردەم چەند ماڵێک لە گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
چەند تەنەکەیەکی زبڵ لە بەردەم چەند ماڵێک لە گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی ژینگە و ئاو دەڵێت، دانانی کارگەی ریسایکلین لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پێویستە و دەبێت وەکو سەرچاوەی داهات و وزە چاو لە زبڵ بکرێت.
 
رۆژی شەممە، 04-02-2023، د. مەسعود حوسێن، پسپۆڕی ژینگە و ئاو میوانی بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە جەعفەر موبەشیرنیا و هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکەن و تێیدا کاریگەرییەکانی زبڵ لەسەر ژینگە تاوتوێکرا.
 
د. مەسعود حوسێن دانانی کارگەی ریسایکلین بۆ کەڵک وەرگرتن لە زبڵ بە گرنگ دەزانێت و پێیوایە دەکرێت وەکو سەرچاوەی داهات و وزە کەڵک لە زبڵ وەربگیرێت و دەشڵێت، دەبێت کەرتی تایبەت لەم بەشەدا وەبەرهێنانی زیاتر بکات.
 
لە شاری هەولێر هەندێک لە زبڵەکە دەسووتێندرێت و هەندێکی دیکەش دەخرێتە ژێرخاک. بە بڕوای ئەو پسپۆڕەی ژینگە و ئاو، ''ئەوە چارەسەر نییە و ئەگەر لایەنە ئابوورییەکەی لەبەرچاو بگرین، پارەیەکی زۆر بەفیڕۆ دەدرێت و فڕێدانی زبڵ دەبێتە هۆی زیادبوونی بەکتریا و دەرچوونی چەند مادەیەکی مەترسیدار کە هۆکارن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی".
 
زبڵی شاری هەولێر لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە کۆدەکرێتەوە و لەو شوێنە دەسووتێنرێت، کۆمەڵگەی کانی قرژاڵەش نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە زبڵخانەکەوە دوورە. د. مەسعود حوسێن پێیوایە هەڵکەوتەی زبڵخانەی کانی قڕژاڵە کاریگەری باشی هەیە، بۆ نموونە: "دەکەوێتە خوارووی جووڵەی با و دووکەڵ ناگەڕێتەوە بۆ شاری هەولێر؛ هەروەها جووڵەی ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر، لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو باشوورە و کانی قرژاڵەش دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای ئەم شارە، بۆیە تەنیا کاریگەری لەسەر ئاوی خوارووی خۆی هەیە.'' 
 
بەڵام زبڵخانەکە بێ کاریگەری نییە و ئەو پسپۆڕە دەڵێت: ''بە توێژینەوە سەلماندوومانە زبڵخانەی کانی قرژاڵە کاریگەری لەسەر بیری چوار دەوری خۆی هەیە و پیسی دەکات.''
 
لە شاری هەولێر هەر تاکێک بە شێوەی تێکڕا رۆژانە 800 گرام بۆ سەرووی یەک کیلۆگرام زبڵ بەرهەم دەهێنێت. ئەو پسپۆڕەی ژینگە و ئاو باسی لەوە کرد، دەبێت لانیکەم نیوەی زبڵی هەرێمی کوردستان ریسایکڵ بکرێتەوە و کەڵکی لێوەرگیرێت.
 
مەسعود حوسێن دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە دەبێ هەوڵی دابینکردنی چاڵی زبڵی زانستی بدات و هەروەها بۆ بنیادنانی زیاتری کارگەی ریسایکلین، کەرتی تایبەت هان بدات.
 
بەپێی ستانداردی جیهانیی سەوزایی، دەبێ زیاتر لە 25٪ـی ئەم شارە سەوزایی بێت و مەسعود حوسێن ئاماژەیدا ''لە هەولێر 11٪ تاوەکو 13٪ سەوزایی بەدی دەکرێت و دەبێ پەرەی پێبدرێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی نوێی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

ئەمشەو ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی دەگۆڕدرێت

سەرۆکی دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، بە فەرمی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی دەگۆڕدرێت، تەنانەت لە سەرانسەری نەخشە جیهانییەکانیشدا.