رووداو دیجیتاڵ
بەشی شێرپەنجەی نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک، رۆژانە 60 بۆ 65 نەخۆش سەردانی دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا لێزەر و تیشک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە نییە و خەڵک سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکەن. نەخۆشێکی رۆژئاوای کوردستان کە دانیشتووی شارەکەیە، لە ماوەی دوو ساڵدا 30 جار سەردانی هەولێری کردووە.
تووشبوویێکی شێرپەنجە باس لەوە دەکات، "ئەگەر لێزەر لێرە هەبووایە نەدەچووینە هەولێر و بۆ ئێمە ئێرە خۆشتر بوو نەوەک پێنجشەممە بگەرێینەوە و شەممە جارێکی دیکە بچینەوە هەولێر."
تووشبوویێکی دیکەی شێرپەنجەش باس لەوە دەکات، "بە ئێمەیان گوتووە دەبێت 10 تاوەکو 15 جەلسەی لێزەر بکەن و لێرەش نییە و دەبێت بچنە هەولێر. ئەگەر ئەم جیهازانە لێرە هەبوونایە زۆرباش دەبوو، چونکە هاوژینەکەم ئۆتۆمبێل و مووچەی نییە."
لەبەر بچووکی شوێنەکە و زۆری نەخۆش، رۆژانە قەرەباڵخی لە بەشەکە دروستدەبێت. لە بەشەکە چارەسەری کیمیایی و بەرگریی لەش بۆ تووشبووان ئەنجامدەدرێت، بەڵام بۆ چارەسەرەکانی دیکە دەبێت بچنە هەولێر و سلێمانی.
ژیان خەسرۆ، پسپۆری شیرپەنجەی خوێن لەبارەی نەبوونی تیشکەوە دەڵێت، "لە نەخۆشخانەکەمان تیشک نییە، نەخۆشەکان بۆ چارەسەر دەچنە هەولێر و سلێمانی و هەندێک جار 40-45 رۆژ دەمێننەوە. نەخۆشخانە دەستیکردووە بە کردنەوەی بەشی تیشک، ئینشاڵڵا لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت."
ئێستا لە دهۆک کار لە چوار نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە دەکرێت. ئەوانیش نەخۆشخانەی 160 قەرەوێڵەیی چارەسەری کیمیایی، سەنتەری لیناک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە بە تیشک، سەنتەری گەلاوێژ بۆ چارەسەری مناڵانی تووشبووی شێرپەنجە و سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک بۆ چارەسەری تالاسیمیا و شێرپەنجە و لە ماوەیەکی نزیکدا هەموو چارەسەرەکانی شێرپەنجە لە دهۆک بەردەست دەبن.
ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک لەبارەی بەردەستبوونی چارەسەری تیشک و لێزەر دەڵێت، "چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە بە ئامێری تیشک و لێزەر لە ماوەی 6 هەفتەی دیکە تەواو دەبێت و ئیدی پێویست ناکات نەخۆش بچێتە دەرەوەی دهۆک."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا 11 هەزار و 464 تووشبووی شێرپەنجە لە دهۆک تۆمارکراون، بەجۆرێک تەنیا ساڵی رابردوو زیاتر لە هەزار و 300 تووشبوو تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ