رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 958 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجکرد. بەپێی رێکەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان مانگانە لەسەر بنەمای ئەو لیستەی بۆ مانگی یەک ئامادەکراوە، مووچە لە بەغداوە خەرجدەکرێت.
هەر بەگوێرەی رێککەوتنەکە، جگە لەو گۆڕانکارییانەی بەهۆی خانەنشینییەوە دەکرێن نابێ هیچ گۆڕانکارییەکی دیکە لە لیستی مووچەدا بکرێت.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە هەموو ئەو مەرج و تێبینی و داوکاریانەی هەیانبوو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموویان جێبەجێکرد. مووچەخۆران و فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی لەسەر ئەو لیستەی رێککەوتن کراوە، نووسراو بۆ ئەو 12 مانگە تەمویل دەکرێت. خانەنشینی هاوتاکراوە لەگەڵ خانەنشینی عێراق، چاودێری کۆمەڵایەتی و فەرمانبەران هەمووان مووچەی خۆیان وەردەگرن، خانەنشینی مەدەنی و سەربازی هەمووی هاوتاکراون لەگەڵ بەغدا."
بەپێی رێککەوتنەکە بۆ ئەم ساڵ، نابێت هیچ کێشەیەک بۆ مووچە دروستبکرێت، لە 1-1ـەوە تاوەکو مانگی 12 مانگانە و لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستانیش خەرجدەکرێت.
سروە محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی برگەکانی نێو یاسای بودجە دەڵێت، "پێویستە لە ئێستا بەدواوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ ئەوەی کۆمەڵێک برگە هەیە کە وەک بۆمبێکە بۆ هەرێمی کوردستان، کاربکات بۆ مفاوەزات کردن لەسەر بەند و مادەکانی یاسای بودجە، بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی داهاتوو تووشی هەمان کێشە نەبینەوە کە ئێستا هەمانە."
ئەوەی بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، چارەنووسی مووچەی مانگی 12، دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەیە، کە بەغدا تاوەکو ئێستا رەزامەندی لەسەر نەداون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ