عەتا محەممەد: دوای قەرەبووی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ زیاتر لە 8.7 ملیار دینار ماوەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
قوتابخانەیەکی چەمچەماڵ بەهۆی لافاوەکەوە زیانی بەرکەوتبوو. وێنە: رووداو
قوتابخانەیەکی چەمچەماڵ بەهۆی لافاوەکەوە زیانی بەرکەوتبوو. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، دوای خەرجکردنی سێ هەزار و 257 چەک بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە، زیاتر لە 8.7 ملیار دینار لە هاوکارییەکان ماوەتەوە کە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی پێویست لە سنوورەکە خەرج دەکرێ.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 04-02-2026، بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆبووەوە. دواتر حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی بۆردەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەر رایگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی راپۆرتی سەرجەم ئەو کارانەی تاوەکو ئێستا بۆ قەرەبووی زیانەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کراوە.
 
بەگوتەی سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ، پلانێک هەیە لە داهاتووشدا بەو پارەیەی دوای قەرەبووی زیانلێکەوتووان ماوەتەوە، ژمارەیەک پڕۆژەی تایبەت بە دوورخستنەوەی مەترسیی لافاو لە سنوورەکە جێبەجێ بکرێن.
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ داتای تایبەت بە هاوکارییەکانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی خستەڕوو و گوتی، بەگشتی  14 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە. 
 
وەک عەتا محەممەد دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 257 چەک بۆ زیانەکانی نێوماڵ، بیناسازی، ئۆتۆمبێلەکان، دووکان و شوێنە بازرگانییەکان خەرج کراوە.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ باسی لەوە کرد، دوای خەرجکردنی چەکەکان، ''8 ملیار و 758 ملیۆن و 728 هەزار و 250 دینار ماوەتەوە و خراوەتە سەر هەژماری بانکی چەرموو.''
 
عەتا محەممەد ئاماژەی بە چۆنیێتیی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە لە هاوکارییەکان ماوەتەوە و گوتی، لیژنەیەکی ''بچووککراوەی جێبەجێکار'' بە سەرپەرشتیی قایمقامی قەزای چەمچەماڵ و ئەندامێتیی سەرۆکشارەوانییەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش، هەروەها بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی تەکیە و ئاخجەلەر پێکدەهێنرێت و ئەوان پێشنیازی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە دەکەن، کە بۆ سنوورەکە پێویستە.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ جەختی لەوە کردەوە، پڕۆژەکانی تایبەت بە دوورخستنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە سنوورەکە لەپێشینە دەبن، ''دواتر پڕۆژەکان دەخرێنە بەردەم جێگری سەرۆکوەزیران بۆ پەسندکردن و لیژنەکەش میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنیان دادەنێت.''
 
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەمی پار لە بەشێکی باشووری کوردستان بەتایبەتی لە سنووری چەمچەماڵ لافاو دروستبوو.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان، بەهۆی لافاوەکەوە 5 کەس خنکان و 19 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سێ تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنیان لە کەرکووک

سێ کەس لە کەرکووک لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر کچێک دەستگیرکران

پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی سێ کەسی راگەیاند کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر کچێک. یەکێک لەو کوڕانە کچەکەی بە بەڵێنی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە بەغداوە بردووەتە کەرکووک، دواتریش دوو کەسی نزیکی کچەکە دەستدرێژییان کردووەتە سەری