هەرێمی کوردستان بە فەرمی لە رێکخراوی ئایسۆ (ISO) ناسێندرا

04-03-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی ئایسۆ بە فەرمی هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێک لە عێراق ناساند.
 
رۆژی هەینی 04-03-2022، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر داوای قوباد تاڵە‌بانی ھە‌رێمی کوردستان بە فەرمی لەلایەن رێکخراوی ئایسۆوە ناسێندرا.
 
سەمیر هەورامی گوتی، "لەمەودوا هەرێمی کوردستان کۆدی تایبەت بەخۆی دەبێت لە مامەڵە جیهانییەکاندا، رێکخراوە‌کە‌ رە‌زامە‌ندیداوە لە‌سە‌ر دانانی کۆدی (IQ-KR)ی بۆ هەرێمی کوردستان".
 
لەو بارەوە قوباد تاڵەبانی لە تویتێکدا رایگەیاند، "چەند ساڵێک پێش ئێستا بەڵێنی ئەوەم دابوو کە ئیمۆجی ئاڵای کوردستان دروستبکرێت. ئەمڕۆ هەنگاوێکی گەورەمان بەرەو ئەو ئامانجە نا. ئایسۆ بە فەرمی هەرێمی کوردستانی ناساند. ئەم ناساندنە یارمەتیی بە دیجیتاڵیکردنی پرۆسەکانی حکومەتەکەمان، لەنێویشیاندا مامەڵەی بازرگانیی ئەلیکترۆنی، پۆستەی نێودەوڵەتی و خزمەتگوزارییە بانکییەکان دەدات".
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "دوای رە‌زامە‌ندیی رێکخراوی ئایسۆ (ISO) و دابینکردنی کۆدی تایبەت بە خۆی، ھە‌رێمی کوردستان بەپێی رێنماییەکانی رێکخراوی یونیکۆد (Unicode) دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە ئە‌م ناساندنە‌ی ھە‌رێمی کوردستان‌؛ جگە‌ لە‌وە‌ی ئاڵای کوردستان دە‌ناسێندرێت وە‌ک ھە‌رێمێک لە یونیکۆد، کارئاسانی دە‌کات بۆ بە‌ستنە‌وە‌ی دامودە‌زگاکانی ھە‌رێمی کوردستان بە‌ دامودە‌زگا نێودە‌وڵە‌تییە‌کانەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە بڕیارەکە گوتوویەتی، "ئەم ناساندنە هاوکارمان دەبێت لە‌ مامە‌ڵە‌ ئە‌لیكترۆنییە‌ نێودە‌وڵە‌تییە‌كان و ھە‌نگاونانی زیاتر بەرەو حکومەتێکی ئەلیکترۆنی، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت لە پڕۆسە‌ی بازرگانیی ئەلیکترۆنی و پۆستەی نێودەوڵەتی و گەشەکردنی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان، جێی دڵخۆشییە‌ كە‌ ئە‌و ناساندنە‌ رێگە‌خۆشکەر دە‌بێت بۆ دامەزراندنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بە فەرمی".
 
قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی ھە‌ردوو وە‌زارە‌تی پلاندانانی حكومە‌تی عێراق و حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستانی كرد، كە‌ ھاوكار بوون لە‌ پڕۆسەکەدا.
 
کۆدی هەرێمی کوردستان ئێستا پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لەخۆ دەگرێت. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، داوای زیادکردنی کۆدی پارێزگای هەڵەبجەش کراوە کە لە داهاتوویە‌كی نزیکدا زیاد دەکرێت.
 
رێکخراوی (ئایسۆ International Organization for Standardization ) رێکخراوێکی جیهانییە‌ تایبە‌تە‌ بە‌ دانانی پێوە‌ری مۆڵە‌تە‌ بازرگانی و پیشە‌سازییە‌کان و کارە‌کانی پە‌یوە‌ست بە‌ تە‌کنە‌لۆژیا،‌ تاوەکو‌ ئێستا زیاتر لە‌ 160 وڵات‌ لە‌لایە‌ن ئە‌‌م رێکخراوە‌ ناسێندراوە‌‌.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە