هاوپەیمانیی کلدانی: لەسەر خاکی باوک و باپیرانمان بەرەو جینۆسایدی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبرێین

04-03-2024
هۆرڤان رەفعەت
 کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی نوێنەرانی پێکهاتەکان دژی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی نوێنەرانی پێکهاتەکان دژی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە قەزای عەنکاوەی هەولێر دژی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق گردبوونەوە. کریستیان، تورکمان، ئەرمەن و سریان بەیەکەوە چوونە بەردەم کەنیسەی ماریوسف.
 
گۆران عەبدولجەبار، سەرۆکی هاوپەیمانیی کلدانیی جیهانی گوتی: "ئەمڕۆ بە ئاشکرا لە ماڵی خۆمان لەسەر خاکی باوک و باپیرانمان، بەرەو جینۆسایدی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبرێین، کە لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە رێکدەخرێن کە گرنگی بە هاوبەشە نیشتیمانییەکانیان نادەن".
 
پێکهاتەکان داوایان لە سەرۆککۆمار و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کەمکردنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان بدەن کە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە دەرچووە.
 
محەممەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی بە رووداوی گوت: "ئەو بڕیارەی دراوە، ستەمێکی گەورەیە لە پێکهاتەکان کراوە، ئەمە دژی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە".
 
مونا قاوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانیش دەڵێت، "ئێمە وەکو پێکهاتەکان مافەکانمان پارێزراوە بەپێی یاسا، بەڵام ئێستا دەیانەوێت بەپێی یاسا مافەکانمان پێشیل بکەن، ئێمە دەنگی خۆمان دەگەیێنینە هەموو کۆنسوڵخانەکانی وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئەوان بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەو ستەمەی لێمان کراوە".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیرانی بە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کردووە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش پەسندی کردووە.
 
بەپێی یاسا، پێکهاتەکان دەبێت لیستی سەربەخۆیان هەبێت یان بە هاوپەیمانی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە