عەباس خامەیار بۆ رووداو: دانوستاندنەکانی رابردوو فێڵ بوون بۆ لێدان لە ئێران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
عەباس خامەیار، جێگری سەرۆکی زانکۆی ئایین و مەزهەبەکان بۆ کاروباری رۆشنبیری
عەباس خامەیار، جێگری سەرۆکی زانکۆی ئایین و مەزهەبەکان بۆ کاروباری رۆشنبیری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەباس خامەیار، جێگری سەرۆکی زانکۆی ئایین و مەزهەبەکان بۆ کاروباری رۆشنبیری لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00 لە رووداو رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران متمانەی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا نەماوە، چونکە واشنتن و تەلئەڤیڤ دانوستاندن وەک "فێڵێک" بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی بەکاردەهێنن.
 
عەباس خامەیار سەبارەت بە دۆخی پایتەختی ئێران دوای بۆردوومانە چڕەکانی دوێنێ شەو گوتی: "ئەمرۆ یەکەم رۆژی دوای پشووەکانی نەورۆزە و تاران جمەی دێت لە هاووڵاتیان، وەک ئەوەی هیچ جەنگێک نەبێت." بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمساڵ نەورۆز ئازاربەخش بوو، چونکە منداڵان، قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان و ژێرخانی وڵات کرانە ئامانج.
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە هێرشی تووندی کردە سەر بنیامین نەتەنیاهوو و گوتی: "ئێمە پێش نۆ مانگ لە مەسقەت پێنج گەڕ لەگەڵ ئەمریکییەکان دانیشتین، دواتریش لە جنێڤ نەرمیمان نواند، بەڵام هەمووی فێڵ بوو. نەتەنیاهوو خۆی بە راشکاوی گوتی، دانوستاندنمان وەک فێڵ بەکارهێنا تاوەکو لەگەڵ ترەمپ رێکبکەوین بۆ لێدان لە ئێران." خامەیار جەختی کردەوە، بێ گەرەنتیی نێودەوڵەتیی زۆر جیدی، ئێران نایەوێت رێگە بدات جەنگەکە بۆ جاری سێیەم دووبارە ببێتەوە.
 
سەبارەت بە پلانی 15 خاڵیی ئیدارەی ترەمپ، خامەیار گوتی: "زۆربەی ئەم مەرجانە پەکخەرن و تەنیا بۆ ئەوەن ئێران خۆی رادەستبکات، ئەمریکا دەیەوێت ئێران خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام هەر کەسێک مێژووی ئەم وڵاتە بخوێنێتەوە، دەزانێت کە ئێرانییەکان لە بەرامبەر دەستدرێژیی دەرەکیدا یەکدەگرن و هەرگیز تەسلیم نابن."
 
خامەیار پێیوابوو جەنگەکە پێگەی ئێران وەک هێزێکی هەرێمی بەهێزتر دەکات و گوتی: "تەنگەی هورمز پێش جەنگیش کراوە بوو. ئێستا بەو میکانیزمەی ئێران دایدەنێت، تەنگەکە دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایە ئابوورییانەی کە 47 ساڵە بە سەر ئێراندا سەپێنراون. ئابووریی ئێران دوای جەنگ زۆر پێشکەوتووتر دەبێت و هەموو ئەوەی وێران کراوە بنیاد دەنرێتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو، عەباس خامەیار باسی کوردی کرد و گوتی: "کورد بەشێکی دانەبڕاو و بنەڕەتیی ئەم گەلەن. لەم قۆناخەدا و بەتایبەتی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دکتۆر پزیشکیان، رۆڵ و پێگەی کورد لە ناو پۆستەکانی حکومەت و پارێزگاکان زۆر زیاترە لە جاران." خامەیار جەختی کردەوە، زمان و کولتووری کوردی و نەورۆز ئەو تەونە مێژووییەن کە ئێران و کورد بەیەکەوە دەبەستنەوە و "هەر کەسێک نکۆڵی لە بوونی کورد بکات، بە کەسێکی نا نیشتمانپەروەر دادەنرێت."
 
 
 
دەقی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ عەباس خامەیار، جێگری سەرۆکی زانکۆی ئایین و مەزهەبەکان بۆ کاروباری رۆشنبیری
 
رووداو: دوێنێ شەو تاران بۆردوومانێکی زۆری لەسەربوو، ئێستا دۆخەکە چۆنە؟
 
وەڵام: بەڵێ، بەناوی خوای گەورە و میهرەبان. سڵاو بۆ تۆ و بۆ هەموو بینەران و بۆ گەلی کوردی ئازیز و مەزن. لە راستیدا من دڵخۆشم کە لەگەڵتانم. ئەمە یەکەم رۆژی دوای پشووەکانی نەورۆزە و تاران جمەی دێت لە هاووڵاتیان، وەک ئەوەی هیچ جەنگێک لە ئارادا نەبێت. بەڵام ئەم جەژن و نەورۆزە لە ناو ئەم بارودۆخەدا ئازاربەخش بوو، بەتایبەتی کاتێک منداڵان، باخچەکان، پارکەکان، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و ژێرخانی وڵات کە پەیوەندییان بە هاووڵاتیانەوە هەیە، دەکرێنە ئامانج. بەڵام خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە و ئامادەیی ئەم هاووڵاتیانە لە هەموو کاژێرەکاندا بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان، کە بە بەرگرییەکی پیرۆزی دادەنێن، ورەی هێزە چەکدارەکان بەرز دەکاتەوە. 
 
رووداو: ئەنجامی ئەم جەنگە چییە بە بۆچوونی ئێوە؟
 
وەڵام: ئەوەی ئێستا روودەدات، دەرەنجامی ئەم جەنگەیە. دەبێت لە لایەنەکەی دیکە بپرسین؛ ئەو ئامانجە سەرەکییەی دەیویست چی بوو؟ دەیویست کۆتایی بە رژێمی ئێران بهێنێت و کۆمەڵگەی ئێران بشڵەژێنێت و ئامانجەکانی دیکەی وەک تێرۆرکردنی سەرکردە ئێرانییەکان بوو، کە هەموویان تووشی شکست بوون. ئێستا باس لە کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکرێت؛ کردنەوەی تەنگەی هورمز ئامانجێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەبووە، چونکە ئەم رێڕۆیە پێش جەنگیش کراوە بوو. بۆیە بابەتەکە پەیوەندی بە لایەنەکەی دیکەوە هەیە، کە چۆن دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت؟ ئێرانییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم بەرگرییە بەردەوام دەبێت تاوەکو دەستدرێژییەکان بەردەوام بن. دەبێت گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ راگرتنی هێرش، تاوەکو ئەم جەنگە بۆ جاری سێیەم بە سەر ئێراندا دووبارە نەبێتەوە.
 
رووداو: ئەگەر هێزی نێودەوڵەتی گەرەنتی بدات، ئێران ئامادەیە جەنگ بوەستێنێت؟
 
بە دڵنیاییەوە ئەگەر گەرەنتی نێودەوڵەتی هەبێت، جەنگەکە دووبارە نابێتەوە. ئێران پێشتر دانوستاندنی قبووڵ کردووە و پێنج گەڕی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکییەکان لە مەسقەتی پایتەختی عومان کردووە پێش 9 مانگ، بەڵام ئەو مێزی دانوستاندن و رێچکە ئاشتییانەیە تەنیا فێڵێک بوو بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. دوای ئەوەش ئێران لە جنێڤ دانیشت و هەموو لایەنەکان جەختیان کردەوە کە ئێرانییەکان جۆرێک لە نەرمییان لە دانوستاندنەکاندا نیشانداوە، بەڵام ئەم دانوستاندنانە وەک فێڵ بەکارهێنران و ئەمەش ئەوەیە کە نەتەنیاهوو بە راشکاوی گوتی: ئێمە دانوستاندنمان وەک فێڵ بەکارهێنا و لەگەڵ سەرۆک ترەمپ رێککەوتین بۆ لێدان لە ئێران. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئەگەر ئاگربەست هەبێت و ئێران ئەم هێورییە قبووڵ بکات، ئایا هێرشەکان بۆ جاری سێیەم دووبارە دەبنەوە؟ ئێران گومانی زۆری هەیە. بە دڵنیاییەوە جەنگەکە بەردەوام دەبێت ئەگەر گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی لە لایەن وڵاتانی دۆست و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەو دامەزراوانەی هەوڵی راگرتنی شەڕ دەدەن، نەبێت. 
 
رووداو: ئەمریکا 15 مەرجی هەیە، ئێران قبووڵیان دەکات؟
زۆربەی ئەو مەرجانەی ئەمریکا دایناون مەرجی پەکخەرن نەک مەرجی ئاسایی. بەشێک لەو مەرجانە پێشتر لە دانوستاندنەکانی رابردوودا رێککەوتنیان لە سەر کرابوو. ئەمانە تەنیا پاساون. ئێرانیش مەرجی خۆی هەیە. کاتێک دانوستاندن دەکرێت، دەبێت هاوکێشەی بردنەوە-بردنەوە بێت و دانوستاندنێکی راستگۆیانە بێت بەبێ هیچ گوشارێک، ئەو کاتە لە سەر مێزی گفتوگۆ دەگەینە چارەسەر. بەڵام ئەم مەرجە ئەمریکییانەی دانراون، دەیانەوێت ئێران خۆی بەدەستەوە بدات و ئەمەش هەرگیز روونادات. هەر کەسێک مێژووی ئێران بخوێنێتەوە، دەزانێت کە ئێرانییەکان تەسلیم نابن. کاتێک دەستدرێژیی دەرەکی هەبێت، ئێرانییەکان یەکدەگرن و یەکڕیز دەبن، ئەمەیە کە ئەمرۆ لە هەموو مەیدان و گۆڕەپان و شەقامەکانی پایتەخت و هەموو شارەکانی ئێراندا دەیبینین.
 
رووداو: دوای ئەم جەنگە چ گۆڕانکارییەک روودەدات؟
 
نازانم مەبەستت لە چ گۆڕانکارییەکە؛ ئایا لە سەر ئاستی نێوخۆیی یان هەر ئاستێکی دیکە؟ بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم جەنگە پێگەی ئێران بەهێزتر دەکات. ئەگەر سەرکەوتن بەم شێوەیە بێت، ئێران وەک هێزێکی هەرێمیی گەورە دەردەکەوێت. ئەم جەنگە بۆ وڵاتانی دراوسێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاسایشی بەکۆمەڵ، ئەو داواکارییەی ئێرانە کە هەمیشە و لە سەرەتاوە گوتوویەتی. ئاسایشی ناوچەکە لە کەنداوی فارس، ئاسایشێکی بەکۆمەڵە و بەدی نایەت مەگەر بە بەشداریی وڵاتانی ناوچەکە و بەدوورگرتنیان لە بنکە سەربازییە بیانییەکان. ئەمە خاڵێکە لە سەر ئاستی دەرەکی و لە سەر ئاستی نێوخۆش، پێویستمان بە بنیادنانی یەکگرتوویی گەل و بنیادنانی ئابووریی ئێرانە. پێموایە تەنگەی هورمز بەو رێسایانەی ئێران دایان دەنێت و بەو میکانیزمەی کە ئێران کۆنتڕۆڵی دەکات، بێگومان دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ هەڵگرتنی سزایە ئابوورییەکانی سەر ئێران کە 47 ساڵە بەردەوامن. لەم روانگەیەوە ئابووریی ئێران زۆر پێشکەوتووتر دەبێت لەوەی پێشتر هەبوو و ئەوەی دەستدرێژیکاران وێرانیان کردووە، بەتایبەتی لە رووی ژێرخانەوە، دووبارە بنیاد دەنرێتەوە. 
 
رووداو: وەک پسپۆڕێک، پێشبینی دەکەن مامەڵەی ئێران لەگەڵ کورد و پێکهاتەکانی دیکە بگۆڕێ؟
 
کورد بەشێکی دانەبڕاوی ئەم گەلەن، ئەوان پێکهاتەیەکی بنەڕەتین کە پێگەیەکی تایبەتیان هەیە. ئەمە تەنیا پێداهەڵگوتن نییە. پێگە و پۆستەکانی ناو حکومەت لە شوێنەکانی دیکە، رەنگە لەم قۆناخەدا و بەتایبەتی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دکتۆر پزیشکیان، سوودوەرگرتن لەم پێکهاتە گەورە و رەسەنە زیاتر بێت لە هەر کاتێکی پێشوو لە سەر ئاستی حکومەتی ناوخۆیی و پارێزگا کوردنشینەکان. ئەم تەونە کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژووییە، تەونێکی ئێرانی و کوردییە کە رەگێکی مێژووییان لە زمان و دابونەریت و کولتووردا هەیە. زۆر شت بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە، بەتایبەتی نەورۆز کە بە باڵاترین نموونە دادەنرێت. ئامادەیی کورد لە پەرلەمانی ئێران، لە ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی، لە حکومەتدا لە سەر ئاستی جێگری سەرۆککۆمار و زۆر لە پۆستەکانی دیکە، بابەتێکی سرووشتییە. هەر کەسێک نکۆڵی لەمە بکات یان شتێکی دیکەی بوێت، ئێمە بە کەسێکی نا نیشتمانی و نا دڵسۆز بۆ وڵاتەکەی دەیناسێنین. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر-رووداو

ژینگەی هەولێر لەبارەی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش روونکردنەوە دەدات

دەنگۆی بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش لە گەڕەکەکانی هەڤاڵان، سێتاقان، ئازادی و سەیداوە نیگەرانی لێدەکەوێتەوە. دانیشتووییەکی هەڤاڵان دەڵیت "بۆن ساردێکی" بێزارکەر بڵاوبووەتەوە. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێریش دەڵێت: "هیچ کەسێک سکاڵای نەکردووە تاوەکو بەدواداچوونی بۆ بکەین."