رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلە لە ناوەندەی پارێزگای وان ـی باکووری کوردستان روویدا.
سهرۆكایهتی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 08:52 خولەکی رۆژی شەممە، چواری نیسانی 2026، لە شارۆچکەی توشبا لە ناوەندی شاری وان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلە روویدا.
بەگوێرەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی حەوت کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
سەرۆکایەتیی ئافاد رایگەیاند، دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە بە گوڕی 5.2 پلە لە شارۆچکەی توشبا روویدا، هیچ دۆخێکی نەرێنی نەرێنی رووینەداوە.
لە روونکردنەوەکەی ئافاددا هاتووە: "دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە کاژێر 08:52 بە گوڕی 5.2 پلە لە شارۆچکەی توشبای سەر بە پارێزگای وان روویدا و لە پارێزگاکانی وان، ئاگری، بەدلیس، ئیدر و جۆلەمێرگ هەستی پێکرا، تاوەکو ئەم ساتە هیچ دۆخێکی نەرێنی رووینەداوە. کاری تیمەکانمان بۆ پشکنینی مەیدانی بەردەوامە."
ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی زیانی بوومەلەرزەکە بەدەست نەگەیشتووە.
باڵجی گوتی: "هاوکارانمان بەردەوامن لە کاری گەڕان و پشکنین. لەگەڵ موختارەکان لە پەیوەندیداین. کارەکانمان لە مەیداندا بەردەوامن."
دوای بوومەلەرزەکە ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانیان تووشی دڵەڕاوکێ بوون و لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە.
23ـی شوباتی 2020 بومهلهرزهیهك به گوڕی 5.9 پلهی رێختهر، شاری خوێی رۆژهەڵاتی کوردستانی به قووڵایی 5.22 کلیۆمەتر ههژاند و دواتر دوو بومەلەزەی دیکە لە هەمان ناوچە بە گوڕەکانی 4.5 و 4.0 پلەی رێختەر تۆمارکران.
بوومەلەرزەکە لە باکووری کوردستانیش لە پارێزگاکانی وان، ئیدر، قەرس و ئاگری هەستیپێکرا. بەهۆی بومەلەرزەکەوە لە شارۆچکەی ئەلباک سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان 10 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا کە چواریان منداڵ بوون و 37ی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ