نرخی ئەمپێری موەلیدە لە سلێمانی و هەڵەبجە دیاریکرا؛ هەزار بۆ 1500 دینارە

04-06-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە لە سلێمانی و هەڵەبجە دیاریکرا و بۆ هەر ئەمپێرێک لەنێوان هەزار بۆ هەزار و 500 دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەولێر ئەمپێرێک لەنێوان 4 هەزار و 750 دینار بۆ 6 هەزار و 750 دینار و لە دهۆکیش 3 هەزار و 250 دینار بۆ 5 هەزار دینار بوو.
 
رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2023، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ پارەی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی رابردوو لە سلێمانی دیاریکرا کە لەنێوان هەزار بۆ هەزار و 500 دینار دەبێت.
 
سیروان محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، خشتەی پێدانی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی حوزەیران 24 کاژێریی دەبێت و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا دەبێت موەلیدەکان کاربکەن.
 
هەروەها پێشەوا حەیدەر، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو نزیکەی 30 کاژێر کارەبا دراوەتە هاونیشتمانییان و بەگوێرەی ئەو کاتەش پارەی ئەمپێرێک لەنێوان هەزار بۆ هەزار و 500 دینار دەبێت.
 
پێنجشەممەی رابردوو، قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو موەلیدە ئەهلییەکان نزیکەی 100 کاژێر کاریان کردووە، نرخی ئەمپێرێک لەنێو شاری هەولێر لە نێوان 4750 بۆ 6750 هەزار دینار دیاریکراوە. 
 
هەروەها هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، موەلیدەکان لە مانگی ئایاردا 89 کاژێر کاریان کردووە، بەگوێرەی ئەوەش نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 3250 و 5000 هەزار دینارە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ کارەبای نیشتمانیدا، زیاتر لە 5 هەزار موەلیدەی ئەهلی کارەبا دەدەنە هاووڵاتییان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە