رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راگرتنی مووچەی فەرمانبەران "نادەستووری و نایاساییە" و "گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی بە "نا دەستووریی و نایاسایی" ناوبرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای کرد، حکومەتی عێراق لەبەر رۆشنایی دادگەی فیدراڵی "پێداچوونەوەی پێویست" بە بڕیاری وەزارەتی دارایی بکات، بۆ ئەوەی "مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان و کار بە دوا رێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم بکرێت."
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران داوای کرد، "نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەکان روونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر کردنی گرفتی مووچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور."
وەزارەتی دارایی عێراق، 28ـی ئایاری 2025، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیارییە داراییەکانی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم خستووەتەڕوو."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی رێککەوتنێکیان واژۆکردووە بۆ ئەوەی "ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق" نەبنە هۆی راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی کارمەندانی گرێبەستی خستەڕوو لەسەر بودجەی "پەرەپێدان، داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە."
وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپێردرا، ئامادەکاری بۆ باتەکە لە رووی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان بکات بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت.
لە برگەیێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بڕیار درا بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری منداڵی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی.
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، ئەوەی زیندانییانی سیاسی، لێخۆشبوونە لە خۆیان نەوەک منداڵەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ