رووداو دیجیتاڵ
لیژنەکانی قایمقامییەتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، رۆژانی جەژن چاودێریی بازاڕ دەکەن و هەر کەسێک ئاژەڵ لە ماڵەوە یان سەرشەقام و کۆڵانەکان سەرببڕێت سزا دەدرێت.
رۆژی دووشەممە 4-7-2022، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەکانی قایمقامییەت بەردەوام سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن و لە ئەمڕۆوە سەردانەکانیان زیاد دەکەن و رێگە بەوە نادرێت شتومەکی خراپ بە هاونیشتیمانییان بفرۆشرێت."
نەبەز عەبدولحەمید گوتی، "رێگه نادەین قوربانى لەبەردەم دووکان، سەر شەقامەکان، لەگەڕەک و کۆڵانەکان بکرێت و ئاژەڵ لەدەرەوەى کوشتارگەکان سەرببڕدرێت."
هەر ئەمڕۆ، رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایماقییەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئەمڕۆوە سەرجەم لیژنەکانیان چاودێریی بازاڕ زیاتر دەکەن بۆ ئاگاداربوون لە نرخ و کوالێتی ئەو شتومەکانەی لە جەژنی قوربان دەفرۆشرێن."
رێکان جەمال گوتیشی، "سەربڕینی ئاژەڵ تەنیا لە کوشتارگەکان بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتیرنەری سلێمانی دەبێت و بە هەموو شێوەیەک سەربڕین ئاژەڵ بە مەبەستی قوربانی لە کۆڵان و سەر شەقامەکان قەدەخەکراوە و هەر کەسێک ئەو کارە بکات سزای تووند دەدرێت."
لە پارێزگای دهۆکیش لە ئەمڕۆوە لیژنەکان بەدواداچوونەکانیان زیاتر دەکەن. ئاراس مستەفا، ئەندامی لیژنەکانی بەدواداچوونی بازاڕ لە قایمقامیەتی دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، لیژنەکانیان چاودێریی بازاڕ زیاتر دەکەن و سەردانی مارکێت و رێستۆرانتەکان دەکەن.
ئاراس مستەفا گوتیشی: "سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان قەدەخەیە و سێ لیژنەی سەرەکیمان بۆ چاودێریی ئەو بابەتە پێکهێناوە. رێگە نادرێت ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان سەرببڕدرێت یان گۆشتێکی خراپ لە بازاڕەکان بە هاونیشتیمانیان بفرۆشرێت."
دینا ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجەش ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، چاودێریی بازاڕ و مارکێت و رێستۆرانتەکان دەکرێت، بە تایبەتی ئەو شوینانەی کە گۆشت دەفرۆشن و ئەو شوێنانەی کە ئاژەڵیان تێدا سەردەبڕدرێت.
رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵ و شەقامەکان بە مەبەستی رێگرییە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک تای خوێنبەربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ