مەسرور بارزانی: داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەم دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن

04-09-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتی داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن. 
 
ماڵپەڕی حکومەت ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-9-2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی بڵاوکردەوە، کە لە بەشێکیدا باس لە گوتەکانی مەسرور بارزانی دەکات سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتی "بێگومان لایەنە سیاسییەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو و رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێ دەکەم  بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن چونکە هەموومان کوردستانین و رۆڵەی ئەم نيشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە رەفتار بکەین."
 
گوتەکانی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە بڕیارە لەم مانگەدا بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکات.
 
20ـى تشرینى یەکەمى 2024 لەلایەن سەرۆکی هەرێمى کوردستانەوە وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاری کراوە، هەڵبژاردنەکە بەسەر چوار بازنەدا دابەشکراوە، بۆ سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە سێ کورسی دیاری کراوە، لە هەریەک لە هەولێر و سلێمانى، دوو کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان داندراوە، لە دهۆکیش کورسیەک بۆ کۆتاى ئەرمەن تەرخان کراوە.
 
دوو ملیۆن و 683 هەزار کەس لە دەنگدانی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە و 95%ـی دەنگدەرانیش کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، تاوەکو رۆژی دەنگدانیش هاونیشتمانییان دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان کە لە هەولێر 72 هەزار کەس و لە سلێمانی 113 هەزار کەس کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.