ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو: دەستوور جێبەجێ بکرێت، کێشە نامێنێت

04-11-2025
مالیک محەممەد
لۆگۆی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
لۆگۆی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو دەڵێت، رێژەی بەشداریی دەنگدان لە دهۆک بەرز دەبێتەوە و ئاماژەش بە دروستکردنی ژوورێکی هاوبەشی کارکردن لەنێوان حیزبە کوردستانییەکان دەکات.
 
سەعید عەلی عەبۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "هەر لە سەرەتای بانگەشەوە، یەکگرتوو ئامادەکاریی تەواوی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی دهۆک تەواو کرد، بەڵام ئێمە رازی نین، چونکە 90%ی پۆستەرەکانمان دڕێندراون یان براون."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو دەڵێت، "پێشبینیی بەدەستهێنانی سێ کورسی دەکەین، چونکە ئەگەر باسی هەڵبژاردنی 2021 بکەین، ئێمە دەنگەکانمان زیادی کردووە، بۆیە پێشبینیی سێ کورسی یان زیاتریش دەکەین."
 
بە بڕوای سەعید عەلی عەبۆ، "کێشەی گەورە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا جێبەجێ نەکردنی دەستوورە، لە بەغدا کەسانێک هەن هێشتا ئەقڵییەتێکی شۆڤێنی و ناوەندییان هەیە، بەڵام ئەوەی لە دەستووردا پەسند کراوە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت کێشە نامێنێت."
 
بۆ دوای هەڵبژاردن، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو پێی باشە، ژوورێکی هاوبەشی کارکردن لە بەغدا لەلایەن حیزبە کوردستانییەکانەوە دروست بکرێت، "بۆ کاری سیاسیی هاوبەش و جێبەجێ کردنی دەستوور و بەدەستهێنانی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان."
 
سەعید عەلی عەبۆ دەڵێت، "دەبێت هەموومان هەوڵ بدەین، بەرژەوەندیی گەل بخەینە پێش بەرژەوەندی خۆمان، ئەگەر ئیرادە هەبێت و میزاجی کەسیی لەو بابەتە دەربهێنرێت، کارەکە ئاسان دەبێت."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو داوای لە هاونیشتمانییان کرد بە فراوانی بەشداری لە هەڵبژاردن و پێشبینیش دەکات، رێژەی بەشداریی دەنگدان لە دهۆک "سەروو 60٪" بێت.
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە درووشمی "دەنگی ئێوەین" بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەکات و لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 16 بەربژێری هەیە، بەسەر سێ بازنەدا دابەشبوون، بەم شێوەی خوارەوە:
 
لە بازنەی دهۆک چوار بەربژێر
 
لە بازنەی هەولێر چوار بەربژێر 
 
لە بازنەی سلێمانی هەشت بەربژێر
 
لە ناوچە کێشە لەسەرەکان یەکگرتوو هیچ بەربژێرێکی نییە، حیزبەکە دەنگدەرانی ئازادکردووە دەنگ بە کام لایەن دەدەن لەو ناوچانە .
 
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.