قایمقامی قوشتەپە: کۆمپانیا و کارگەکانی سنوورەکەمان کرێکاریان دەستناکەوێت

04-11-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بە جێبەجێکردنی بڕیارێکی حکومەت توانیویانە کار بۆ زیاتر لە 1400 گەنجی سنوورەکە بدۆزنەوە، بەڵام بەشێک لە کارگە و کۆمپانیاکانی سنوورەکە هێشتا کێشەی دەستی کاریان هەیە و کرێکاریان دەستناکەوێت.
 
بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە، کە ئەمڕۆ سێشەممە میوانی بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا، بە گوژمەی 263 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەرجەم کەرتەکاندا لە سنوورەکەیان جێبەجێکراون و کێشەی دەیان ساڵەی هاووڵاتییانیان چارەسەر کردووە.
 
قایمقامی قوشتەپە رایگەیاند، دوای بەقەزابوونی قوشتەپە، دەرفەتی زیاتر بۆ خزمەتکردنی سنوورەکە رەخساوە و چەندین پرۆژەی ستراتیژی و گرنگ خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
خێرخوازێک نەخۆشخانەیەک دروست دەکات
 
یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی قوشتەپە، دروستکردنی نەخۆشخانەیە. لەمبارەیەوە بژار مەلا خدر گوتی، "نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی لەلایەن خێرخوازێکەوە بە گوژمەی 8 ملیار دینار لە قۆناخی دروستکردندایە و نزیکەی 50%ی کارەکانی تەواو بووە."
 
قایمقامی قوشتەپە ئاماژەی بەوەشکرد ئێستا دوو بنکەی تەندروستییان هەیە؛ یەکێکیان 12 کاژێر کراوەیە و ئەمبوڵانسی هەیە، ئەوی دیکەشیان تاوەکو نیوەڕۆ خزمەتگوزاری پێشکێش دەکات.
 
"تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 75%ی گەڕەکەکانی قوشتەپە قیر دەکرێن"
 
سەبارەت بە پرۆژەکانی رێگەوبان، قایمقامی قوشتەپە رایگەیاند، "بە گوژمەی 3 ملیار و 685 ملیۆن دینار، پرۆژەی دروستکردنی شەقامی نوێ و قیرکردن لە قوشتەپە جێبەجێ کراوە و تاوەکو ئێستا 12 کیلۆمەتر شەقام قیر کراوە."
 
بژار مەلا خدر گوتیشی، پلانیان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 13 کیلۆمەتری دیکە قیر بکەن، بەمەش 75%ی کۆڵان و گەڕەکەکانی قوشتەپە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیان پێدەگات. هاوکات دەستکراوە بە چاککردنی رێگەی گوندەکانی وەک گردلانکە و میرەکان، پرۆژەی رێگەی گوندەکانی گەڕەشێخان، سێبیران عەدۆ و میرخوزاریش لە قۆناخی تەندەریندایە.
 
"کێشەی 20 ساڵەی کەمئاوی چارەسەر دەکرێت"
 
قەزای قوشتەپە یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئیفراز - قوشتەپە چارەسەری ئەو کێشەیەی کردووە و لە قۆناخی یەکەمدا، جگە لە ناوەندی قەزاکە، ناحیەی بێستانە و 72 گوند لێی سوودمەند دەبن.
 
بژار مەلا خدر گوتی، "ئاو گەیشتووەتە قەزای قوشتەپە و 52 گوند ئاویان پێگەیشتووە. تاوەکو 15ی مانگی داهاتوو، هەموو قۆناخی یەکەم تەواو دەبێت و کێشەی 20 ساڵەی کەمئاویی سنوورەکە چارەسەر دەبێت."
 
لەبارەی کەرتی کارەباشەوە، قایمقامی قوشتەپە ئاماژەی بەوەکرد، بۆ کەمکردنەوەی لۆدی سەر وێستگەکان، رۆژی شەممەی داهاتوو وێستگەی مۆبایلی ئۆمەرئاوا بە گوژمەی ملیارێک و 700 ملیۆن دینار دەکرێتەوە و هاوکات نۆژەنکردنەوەی وێستگەی گرد مەلا و شەش فیدەر بە گوژمەی ملیارێک و 50 ملیۆن دینار تەواو کراون.
 
شاری خێرخوازی دروستدەکرێت
 
بەپێی بڕیاری ژمارە 172ی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێت رێژەی کرێکاری ناوخۆیی لە کۆمپانیا و کارگەکاندا لە 75% کەمتر نەبێت. قایمقامی قوشتەپە دەڵێت، "لیژنەیەکمان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێکهێنا و لە ماوەی دوو ساڵدا 1450 کەس هەلی کاریان بۆ دابینکراوە، ئێستا خەڵکمان دەستناکەوێت لە کارگەکان و کۆمپانیاکان کار بکەن."
 
بژار مەلا خدر ئاماژەی بە کاریی مرۆیی لە سنووری قەزاکەی دا و گوتی، "ساڵانە لە رێگەی کارگە و کۆمپانیاکانەوە نزیکەی 4000 سەبەتەی خۆراک بەسەر دانیشتوانی سنوورەکەدا دابەش دەکرێت."
 
بژار مەلا خدر ئاشکرای کرد کە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پرۆژەیەکی ستراتیژییان بەناوی (BCF City) هەیە و گوتی، "شارێکی خێرخوازیی کە لە 180 خانوو پێکدێت دروستدەکەین. قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە 60 خانووە و ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت."
 
ئەو خانووانە بەپێی کۆمەڵێک مەرج کە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دیاری دەکرێن، بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی سنوورەکەدا دابەش دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە