سەرۆککۆمار سەردانیان دەکات و زیانبەرکەوتووانی شاری خۆی گلەیی نەبوونی پێداویستییەکان دەکەن

05-02-2023
فواد حەقیقی
سەرۆککۆماری ئێران چووە شاری خۆی تاوەکو بۆ خۆی لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخی لێقەوماوانی بوومەلەرزەدا بکات
سەرۆککۆماری ئێران چووە شاری خۆی تاوەکو بۆ خۆی لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخی لێقەوماوانی بوومەلەرزەدا بکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای هەشت رۆژ لە بوومەلەرزەکەی شاری خۆی، هێشتا زۆر کەس گلەیی لە نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەن؛ لەم ماوەیەدا زۆر لە بەرپرسانی باڵا، سەردانیان کردووە، ئەمڕۆ سەرۆککۆماری ئێران چووە شاری خۆی تاوەکو بۆ خۆی لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخی لێقەوماوانی بوومەلەرزەدا بکات.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "هەستم کرد تا ئەو کاتەی خۆم سەردان نەکەم و لە نزیکەوە بارودۆخەکە نەبینم، ئەگەر پێویستیی بە شتێک هەیە، دەبێت زۆر بەخێرایی دابین ببێت، بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر لەوە کێشەیان بۆ دروست نەبێت. هەندێ کێشە هەیە، وەک ئەوەی خەڵک ماڵیان جێهێشتووە، رێگە نەدەین لەوە زیاتر خەڵک کێشەیان بۆ دروست بێت. ئێوەش گوێ بە دەنگۆ مەدەن."
 
زۆر کەس گلەیی دەکەن کەلوپەل و پێداویستییان بۆ دابین نەکراوە، بە تایبەت لە گوندە دوورەدەستەکان. 
 
ئەوانەش کەوا خێوەتیان وەرگرتووە بۆ گەرمکردنی کێشەیان هەیە؛ ناوچەی خۆی زۆر ساردە و ئەستەمە بتوانرێ خێوەت گەرم بکرێت. دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە کوڕ و دایکێک لە یەکێک لەم خێوەتانەدا، کە بۆ گەرمکردنی خەڵوزیان بەکارهێنابوو، بە گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستدا؛ دایکەکە 80 ساڵان و کوڕەکەی تەمەنی 55 ساڵان بووە.
 
فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ، دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەی رابردوودا نزیکەی 140 لێقەوماوی بوومەلەرزەی شاری خۆی بە گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون.
 
هێزە یارمەتیدەرەکانی مانگی سووری پارێزگای تەورێز، سێ منداڵیان لە مردن رزگار کرد کە بەهۆی دووکەڵی داری چەورەوە، ژەهراوی ببوون.
 
محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ، شەوی رابردوو گوتی: هەموو خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزە پێداویستی و کەلوپەلیان بۆ دابینکراوە و لە کەمپە کاتییەکاندا جێگیر کراون. بەگوتەی موعتەمدیان، ئەو کەمپانە هەموو پێداویستییەکانیان لەخۆگرتووە؛ لەوانە خواردن، پێداویستیی تەندروستی، دابینکردنی ئاسایش و هەموو خزمەتگوزارییەکان، بەڵام خەڵک شتێکی دیکە دەڵێن.
 
زیانبەرکەوتوویەکی دیکە دەڵێت: "پێداویستیی گەرمکردنەوەی وەک بەتانی و سۆبامان نییە؛ چونکە گوندەکە دوورەدەستە و پێمان راناگەن، بەڵام هەموو بەرپرسان دەڵێن، پێیان رادەگەین، هەموو شتیان بۆ دابین دەکەین، کەچی هیچ شتێک نییە، موختاری گوندەکە بە زۆر 20 خێوەتی وەرگرتووە، خەڵک خانووی پلاستیکی دەوێ، بۆ ئەوەی تێیدا بژین و خانووەکانیان دروست بکەنەوە."
 
زستان و وەرزی سارد لە ناوچەی خۆی هێشتا زۆری بە بەرەوە ماوە، رۆژگارێک کە بۆ ئەم خەڵکە بە گرانیی تێپەڕ دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.