رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزتر بووە و لیتری نزیکەی 50 دیناری خرایە سەر. قایمقامی سلێمانی دەڵێ، بەهۆی دۆخەکەوە لە سەرچاوەکەیەوە گران بووە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر رایدەگەیێنێت، لە 47 بەنزینخانە بەنزینی حکومی دابەش بە 750 دینار دابەش دەکەن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرز لە هەولێر بەگوێرەی بەنزینخانەکان لە 850 بۆ 900 دینارە، لە سلێمانی لیترێکی بە 925 دینارە.
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگاداری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینین، کە هۆکار جەنگە لە ناوچەکە و بەنزینیش لە سەرچاوەکەیەوە بەرز بووەتەوە".
پێش جەنگ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر لەنێوان 800 بۆ 825 دینار بوو، لە سلێمانی 875 دینار بوو.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەنزینی بازرگانی کەمێک بەرزبووەتەوە، بەڵام کاریگەریی نابێ، چونکە بەنزینی حکومەتی زۆر دابەش دەکرێت و خەڵک دەتوانێت بازرگانی نەکڕێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی: "ئەمڕۆ لە 47 بەنزینخانەی هەولێر بەنزین دابەش دەکرێ لیتری بە 750 دینار و کواڵیتی بەرزە و قەرەباڵخیش نەماوە لە بەنزینخانەکان، بۆیە شۆفێران دەتوانن بازرگانییەکە نەکڕن".
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان دوو جۆری دیکە بەنزینی بازرگانیی هەن، ئەوانیش موحەسەن، لیتری بە هەزار و 50 دینار بۆ هەزار و 100 دینارە و سووپەر بە هەزار و 200 بۆ هەزار و 250 دینار دەفرۆشرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ