رووداو دیجیتاڵ
لەجیاتی زەنگی کەنیسە و گۆرانیی جەژن، ئەم ساڵ کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر دەنگی مووشەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانیدا پێشوازییان لە جەژنی هەستانەوە کرد.
بەسام نەعمیان، پیاوێکی 68 ساڵانی کریستیانی خەڵکی دیمەشقە. جەژنی هەستانەوەیە و کاتی رەنگکردنی هێلکە و ئامادەکارییە، کەچی بەسام هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە و دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک بۆ رۆژانی جەژن و خۆشیی رابردوو دەڕێژێت.
رۆژانێک ئەو پیاوە بە خەیاڵێکی ئاسوودە و لەوپەڕی ئارامیدا جەژنی هەستانەوەی لەگەڵ کوڕ، کچ و هاوژینەکەی لە هەولێر پیرۆز دەکرد؛ بەڵام ئەم ساڵ دەبێت لەژێر دەنگی تەقینەوەی بەردەوامی مووشەک و درۆندا جەژن بکات. بەسام دوو ساڵ لەمەوبەر لە ترسی گیانی خۆی و خێزانەکەی پەنای بۆ هەولێر هێنابوو.
بەسام نەعمیان بەچاوی پڕ فرمێسکەوە بە رووداوی گوت: "پێش ئەم شەڕە ژیان زۆر خۆشبوو لە عەنکاوە، بەڵام لەوەتەی ئەم مووشەک و درۆنە هەیە زۆر کاریگەری لەسەر ژیانمان هەبووە. بەس نەبوو 12 ساڵ لە سووریا لە شەڕدا ژیاین و لێی هەڵاتین بۆ ئێرە، کەچی لێرەش ئاوامان بەسەردێت."
بەسام لە کاتی قسەکردنیدا، دەنگی تەقینەوەیەک دێت و دەڵێت: "هەولێر شارێکی پڕ ئاشتییە ئەگەر ئەم هێرشانە نەبن. هەمیشە دەترسین و نازانین کەی مووشەک و درۆنمان بۆ دێت، تەنیا دوێنێ چوار دەنگی تەقینەوە هاتووە و خوا نەبێت کەس نازانێت بەر کێ دەکەوێت. ئەوە دۆخمانە، گوێتان لە دەنگەکە بوو؟ ئەمە جەژنی ئێمەیە!".
شەوی چواری نیسان، قەداسی جەژنی هەستانەوە لە عەنکاوە، ناوەندی کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. ئەگەرچی تاونا تاوێک دەنگی بەرپەرچدانەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەولێر گوێی نوێژخوێنانی نێو کەنیسەی کاس دەکرد، بەڵام ئەم دەنگی تەقینەوانە هێندەی تر دەنگی دوعای نوێژخوێنانی بۆ ئارامی، ئاشتی و سەلامەتی بەرزتر دەکردەوە.
کلارا جەودەت، ژنێکی کریستیانە و پەیامێک ئاراستەی جیهان دەکات: "بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێم هیوادارم ئەو شەڕە رابگرن، بەتایبەت هەرێمی کوردستان کە هیچ پەیوەندییەکی بەم شەڕەوە نییە. ئێرە ناوچەیەکی پڕ ئاشتییە و خەڵکەکەی ئاشتیخوازە، نامانەوێت هیچ شتێک کاریگەری لەسەر ژیانمان هەبێت."
مەریەمانا جۆنسن، کچێکی دیکەی بەشداربووی رێوڕەسمەکەیە و دەڵێت: "لەم جەژنەدا وەک جەژنەکانی رابردوو ناتوانین دڵخۆشبین و ئاهەنگ بگێڕین بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی بەهۆی شەڕەوە دروستبووە؛ ئێمە تەنیا هیوای ئاشتی دەخوازین."
لە باشووری کوردستان نزیکەی 350 هەزار کریستیان دەژین کە پێکهاتوون لە نەتەوەکانی ئەرمەن، کلدان، سریان و ئاشووری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ