رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کۆنترۆڵ کرا. گوتیشی ژمارەیەک هاووڵاتی و کارمەندی بەرگریی شارستانی بریندار بوون.
کاژێر 12:30ـی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئاگری بازاڕی قەیسەری لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئێستا دەتوانین رایبگەیێنین، چەند خولەکێک پێش ئێستا بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانی لەناو رووداوەکان هاتە دەرەوە. سوپاس بۆ خوای گەورە ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە."
گوتیشی، ئاگرەکە کاژێر 9:35 خولەکی شەوی یەکشەممە لە بازاڕی قەیسەری کەوتەوە؛ "شوێنەکە هەستیار بوو، جووڵەکردن تێیدا ئاسان نەبوو."
پارێزگاری هەولێر گوتی کە ژمارەیەک هاووڵاتی و کارمەندی بەرگریی شارستانی لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بریندار بوونە، "بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و میهرەبان هیچ گیانلەدەستدانێکمان نەبووە."
ئومێد خۆشناو گوتیشی، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستیپێکردووە و "لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بەرگریی شارستانی دوای ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ هەموو زیانەکان دەکات، هۆکارەکان دیاری دەکات و بۆ رای گشتی رایدەگەیێنێت."
هاوکات گوتی، هۆکاری تەشەنەسەندنی ئاگرەکە، "بەشێکی کەمتەرخەمیی کاسبکارانە کە دووکانەکانیان داناخەن، بە پەردە دایدەخەن، شتومەکەکانیان لەبەردەم دووکانەکانیان جێدەهێڵن. هەموو ئەو رێکارانەی کە لە رابردوودا بڕیارمان لێداوە دەگیرێنەبەر و بەردەوام دەبن."
پارێزگاری هەولێر دەڵێت لەدوای رووداوەکە، "هەر زوو تیمەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانی و تەندروستی و ناوەندی قەیرانەکان، هاتووچۆ، پۆلیس، ئاسایش و هێزەکانی زێرەڤانی؛ هەموویان بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی هاتنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە."
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "بەبەردەوامی لەگەڵمان لەسەر هێڵ بووە و چاودێریی دۆخەکەی کردووە."
لەبارەی ئاستەنگیی بەرامبەر بە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، خۆشناو گوتی: "هاووڵاتییان رێگر بوون، ئەوانەی پەرۆش بوون بۆ دووکانەکانی خۆیان؛ ئەو خەڵکانەی دەیانویست دیمەنی سووتانەکە ببینن و وێنەی بگرن."
ئەمە جاری یەکەم نییە بازاڕی قەیسەری دەسووتێت؛ شەوی 5ـی ئابی 2018، بازاڕی سێبیران لەناو قەیسەریی هەولێر ئاگری گرت و بەهۆیەوە نزیکەی 300 دووکان سووتان و زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار زیانی هەبوو.
لەم ساڵیشدا، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە شاری هەولێر لە چەند بازاڕێکی دیاری شارەکە روویداون.
رۆژی 8-4-2024 ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە بەهۆیەوە 48 دووکان سووتان.
رۆژی 2024-2-27ـیش ئاگر لە هەمان بازاڕی شاری هەولێر کەوتەوە و لە ئەنجامدا 166 دووکان سووتان و 90 کەسیش لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی، کاسبکاران و هاونیشتمانییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچوو.
رۆژی 23-4-2024، ئاگر لە چەند دووکانێکی بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە دووکانێکی جلوبەرگ و دوو مێزی سەر شەقام سووتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ