نرخی نەوت دابەزی

05-05-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمرۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازارەکاندا دوو دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا خستنەڕووی نەوت لەم مانگە و مانگی داهاتوو زیاد بکات.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، رۆژی دووشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 2 دۆلار و 4 سەنت دابەزی و بە 59 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دوو دۆلار و 10 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 56 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رۆژی شەممە کۆبووەوە و بڕیاریدا بۆ مانگی شەش، هاوشێوەی مانگی پێنج رۆژانە 411 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخاتەڕوو.
 
بەوپێیەش کۆی ئەو بڕە نەوتەی کە لەلایەن ئەو گرووپەوە زیاتر دەخرێتەڕوو تاوەکو کۆتایی مانگی شەش بەرزدەبێتەوە بۆ رۆژانە 960 هەزار بەرمیل.
 
تیم ئیڤانس، دامەزرێنەری کۆمپانیای راوێژکاریی ئیڤانس ئێنێرجی لەوبارەیەوە رایگەیاند، "زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپێکەوە بۆ مانگی شەش بەبڕی 411 هەزار بەرمیل دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی خستنەڕووی نەوت بەراورد بە خواست بۆ بەکارهێنانی ئەو کاڵا ستراتژییە. ئەوەش گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت درووستکردووە."
 
خستنەڕووی 960 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بەشێکە لە بڕیاری نوێی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بۆ نەهێشتنی ئەو 2.2 ملیۆن بەرمیلەی کە لە ساڵی 2022 ـوە بە ئەنقەست و بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی نەوت، لە بازاردا گلیان دابووەوە.
 
لەبەر بڕیارە نوێیەکەی ئۆپێک پڵەس بۆ خستنەڕووی نەوتی زیاتر، بانکی بارکلیز، پێشبینیی خۆی بۆ نرخی نەوتی برێنت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، 4 دۆلار دابەزاند بۆ 66 دۆلار.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە