پارێزگاری دھۆک شەش بڕیار لەبارەی نرخ و کواڵێتیی بەنزین دەدات

05-06-2022
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
نیشانەکردن بەنزین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری دهۆک ژمارەیەک بڕیار لە بارەی هاوردەکردن، کواڵێتی و نرخی بەنزین دەدات و دەڵێت هەر بەنزینخانەیەک پابەندی نەبێت، سزا دەدرێت.
 
رۆژی  یەکشەممە 05-06-2022 بە سەرپەرشتی جێگری پارێزگاری دھۆک و بە ئامادەبوونی قایمقامی دھۆک و بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی دھۆک، کۆبوونەوەیەک لەبارەی نرخ و کوالێتیی بەنزین بەڕێوەچوو. ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ بەشێک لە شۆفێرانی تەکسی بەھۆی گرانبوونی نرخی بەنزین بۆ ماوەی نیو کاژێر رێگەی سەرەکیی دھۆک - هەولێریان داخست.
 
دوای خۆپێشاندانەکەی دوێنێ، پارێزگاری دھۆک بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر بابەتەکە. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی دیوانی پارێزگای دهۆکدا، چەند بڕیارێک دران کە ئەمانەن:
 
یەکەم: کاراکردنی لیژنەیەکی ھاوبەش لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و پشکنینی بەنزینی 690 دیناری، ئەو بەنزینخانانەشی پابەندی رێنوێنی و مەرجەکان نەبن، سزا دەدرێن.
 
دووەم: پشکنینی بۆ ھەموو کۆگا و شوێنی ھەڵگرتنی بەنزین لە سنووری پارێزگای دھۆک بکرێت بۆ نەھێشتنی بەنزینی خراپ و دوور لە رێنوێنییەکان و سەرپێچیکار بە تووندی سزابدرێت.
 
سێیەم: دانانی خاڵێکی پشکنین لە ئالۆکا بۆ وەرگرتنی نموونەی بەنزین و گواستنەوەیان بۆ تاقیگە تایبەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی دھۆک.
 
چوارەم: ھەوڵبدرێت بەشی دھۆک لە بەنزینی 690 دیناری زیادبکرێت و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر بەنزینخانەکان دابەشبکرێت.
 
پێنجەم: زیادکردنی ئامێرەکانی پێدانی بەنزین بەشێوەیەکی کاتی لەو بەنزینخانانەی کە بەنزینی 690 دیناری دابەشدەکەن بۆ نەھشتنی قەرەباڵخی و کار بکرێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ زیادکردنی بەشی دھۆک بۆ کەمکردنەوەی گلەیی ھاونیشتمانییان.
 
شەشەم: کار بکرێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ھێنانی بەنزین لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەپێی رێنوێنییە کارپێکراوەکان.
 
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بڕیاری کۆبوونەوەکەی واژۆکردووە و لەڕێگەی نووسراوێکەوە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکان.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزای دھۆک، ئەو پارێزگایە رۆژانە پێویستیی بە ملیۆنێک و 700 ھەزار لیتر بەنزینە، بەڵام ھەفتەیەکە بۆ 260 ھەزار لیتر کەمکراوەتەوە و نرخەکەی لە بازاڕدا گران بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارکێتێک لە هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی بازرگانی: خۆراکی شەش مانگ لە کۆگاکاندا هەیە و رێگە نادەین بازاڕ قۆرخ بکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بەهۆی جەنگەوە هیچ کێشەیەکی کەمیی خۆراک دروست نابێت و رایدەگەیێنێت، خۆراکی پێویست بۆ شەش مانگ لە کۆگاکاندا هەیە.